پارتی و یهكگرتوو كۆك بوون، به شاندی هاوبهش گفتوگۆ لهگهڵ بهغدادا بكهن

ههولێر-KDP.info- ( مەسروور بارزانی) سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستانی کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتیدا کۆ بووەوە و، جهختیان كردهوه لهوهی كه لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدادا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشهممه، (مەسروور بارزانی) بە یاوەریی (کاکەمین نەجار) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و (ئەحمەد کانی) بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ (سەڵاحەددین بەهائەددین) ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیدا کۆ بوونەوە.
لەم دیدارەدا دواڕەوشی هەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوو کرا، هەروەها پرسی سەربەخۆییی کوردستان وەک ویستی هاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و نەخشەرێگای ئەم پرسە لە لایەن (مەسروور بارزانی)یەوە خرایە ڕوو و گفتوگۆی لە سەر کرا.
پەیوەست بەم بابەته، له دیدارهكهدا جەخت لە سەر گرینگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان کرایەوە، تاکو هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە ڕووبەرووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە.
لەم میانەدا ئاماژە بە دوابانگهێشتی (سەرۆک بارزانی) بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان کرا و جەخت لەسەر گرتنەبەری گیانی لەخۆبوردەیی و هەستکردن بە بەرپرسیارەتیی مێژوویی کرایەوە لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی کوردستان تیایدا لە سەرووی هەموو پرسێک بێت.
هەر لەم دیدارەدا هەر دوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.





