٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەکەکە منداڵی چەکدار کردوون؛ دەستەی مافی مرۆڤ دووسکاڵای لایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە دەڵێ، پەکەکە لە سنووری هەڵەبجەدا چەندین منداڵ و مێرمنداڵی بردوون بۆ قەندیل و چەکداری کردوون. ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش ده‌ڵێ، سكاڵایان پێ گه‌یشتووه‌.

(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: ''پەکەکە لە سنووری ئێمە چەندین منداڵ و مێرمنداڵی بۆ رێکخستنەکانی ئامادە کردووە و بردوونی بۆ قەندیل و چەکداری کردوون.''

پێوەست بەم پرسه‌، (محەمەد گۆمەشینی) گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کە باس لەوەکرا کە پەکەکە منداڵان دەڕفێنێت و چەکداریان دەکات، ئێمە دوو رێگامان لەبەردەم بوو یەکەم: چۆن بزانین ئه‌و منداڵانه‌ براونه‌ته‌ نێو پەکەکەوە. دووەم: ئایا ئەم گەنجانەی براون لە سنووری کوردستانن؟. هه‌ڵبه‌ت دواتر دوو سکاڵامان بۆ هاتن لە دوو ناوچەی جیاوازی کوردستانه‌وه‌، لەنێو سکاڵاکاندا هاتووە (منداڵەکانیان چوونەتە نێو پەکەکە)، واتە لە ساڵی رابردوو دوو سکاڵا لەسەر پەکەکە هاتووەتە دەستەکەمان".

ئاماژەیشی دا: "لە دوای سکاڵاکانی له‌سەر پەکەکە تۆمار كراون، ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار و وەزارەتی ناوخۆ ئەو بابەتەمان بە فەرمی گەیاند و، حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی خۆی کردووە".

(گۆمەشینی) دەشڵێ، "لە ماوەی رابردوو کاتێک باسمان لە چەکدارکردنی منداڵی خوار ١٨ ساڵ کردووە بەبێ ئەوەی ئێمە مەبەستمان بێت کێ ئەم پرۆسەیە دەکات و کێ هانیان دەدات، بەهەموو شێوەیەک چەکدارکردنی منداڵی خوار ١٨ساڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و منداڵە لە هەرشوینێک بێت. دوای ئەوە ئێمە دوو داواکاریی جیاوازمان ئاراستە کرد، یەکەم: داوامان کرد سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە خوار ١٨ساڵییه‌وه‌ن لەنێو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانن ئەوا دەبێت کۆتایی پێ بێت، پەیامی دووەم. باسمان کرد ئەگەر منداڵێک هەبوو لە ناو هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییەکانی کوردستان دەبێت ئەم هێزانە رێز لە دەستوور و یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ بگرێت".

ئاماژەیشی دا، ''لە کاتی داواکارییەکانیان بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی کوردستان هیچ حاڵەتێکی منداڵ لە ناو هێزە ئەمنییەکانی کوردستان نەبووە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش چاودێریی ئەوە دەکەن بۆیە هیچ حاڵەتێک لەنێو هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی دیکە نەبووە، بەڵام ئەوە چەندین جارە رێکخراوەکان ئاماژە بە هەبوونی منداڵ دەکەن لەناو ریزەکانی پەکەکە بۆیە ئەو پەیامە مرۆییە ئاراستەی هێز و لایەنەکان دەکەین کە دەبێت کۆتاییی بە بەکارهێنانی منداڵ بهێنرێت لەناو هێزە چەکدارەکان.''

کارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار