قودسی عەرەبی: میلیشا چەکدارەکان ٤٥ هاووڵاتیی سوننە دەڕفێنن

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قودسی عەرەبی لە شارۆچکەی تارمیەیی باکووری بەغدا میلیشیا چەکدارەکان ٤٥ هاووڵاتیی سڤیلیان ڕفاندووە و تا ئێستا شوێنەکەیان دیار نییە.
ماڵپەرەکە لە سەرچاوەکانی ئەو شارۆچکەیە بڵاویکردووەتەوە کە میلیشیا چەکدارەکان بە جلوبەرگی سوپا و پۆلیسی عێراق لە شارۆچکەی تارمیەی باکووری بەغدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبی سوننە مەزهەبن، ٤٥ هاووڵاتییان بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندووە و کەسوکاریان هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵیان نەماوە و شوێنی دەستبەسەرکردنیان دیار نییە.
سەرچاوەیەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لیوای ٢٢ی سوپای عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەمنیەتی شارۆچکەکە، بۆیە بەرپرسیاریشە لە هاتنەناوەوی میلیشیا چەکدارەکان بۆ نێو ئەو شارۆچکەیە بۆ ئەنجامدانی کاری ڕفاندن لەسەر پرسی ناسنامە.
بەپێی لێدوانی شاهیدحالەکان بۆ (قودس عەرەبی)، ئەو چەکدارانە بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئۆتۆمبێل بە بەرچاوی سەربازانی لیوای ٢٢ی سوپای عێراق چوونەتە ناو شارۆچکەی تارمیە و ژمارەیەک هاوڵاتیی سوننە مەزهەبیان دەستگیر کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیاریان ڕفاندوون.




