٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەخمووری: پێویستە ھەموومان ھاوكاری سەرۆكی ھەرێم بین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری پارتی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پشتیوانی لە پێشنیازەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەین و، پێویستە ھەموو لایەنەكان ھاوكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بن، چونكە ناكرێت تەنیا چەند لایەنێك كۆ ببنەوە و لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخرێن.

(غەفوور مەخمووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لێدوانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی ھێز و لایەنە سیاسییەكان، پێشنیازێكی لەجێی خۆیەتی و پشتیوانی لێ دەكەین، ئێمە پێشتریش پێمان وا بووە كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی خزمەت بە ھەرێمی كوردستان ناكات و دەبێتە ھۆی پەرتەوازەبوونی ناوەندی سیاسیی ھەرێمی كوردستان".

(مەخمووری) گوتیشی، پێویستە بۆ دەوڵەمەندكردنی پێشنیازەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ھەوڵ بدرێت ئەنجوومەنێكی سیاسی بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەكان پێك بھێندرێت بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان، چونكە پەرشوبڵاوە و پێویستی بە رێكخستنەوە ھەیە، ئەو ئەنجوومەنەیش دەتوانی ئەو رۆڵە ببینێت و دەتوانێ ببێتە ماڵێك بۆ لایەنەكان".

سكرتێری پارتی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە" "ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ھەموو لایەكمانە كە پشتیوانی لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەین".

(غەفوور مەخمووری) زیاتر گوتی: "بڕوا ناكەم ھیچ لایەنێك دژی ئەو پێشنیازە بێت، چونكە ئەمە ھەوڵێكە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسی و چارەكردنی كێشە و گرفتەكان، بۆیە ناكرێت لایەنە سیاسییەكان پەراوێز بخرێن و چەند لایەنێكی سیاسی كە پێشتر ئەو واقیعەیان خوڵقاندووە، بە تەنیا كۆ ببنەوە، پێویستە ھەموومان بەیەكەوە كێشەكان چارە بكەین و كوردستان ئاوەدان بكەینەوە".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار