٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

قەرەتەپە.. داعش دوو تاوەری دیكەی كارەبای تەقاندنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

قەرەتەپە-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ڕایگەیاند، داعش جارێكی دیكە دوو تاوەری دیكەی كارەبای تەقاندنەوە و، بەو ھۆیەیشەوە گوندەكانی سنوورەكە كارەبایان بڕدراوە.

بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە (كەمال ئیبراھیم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش دوو تاوەری كارەبایان لە سنووری قەرەتەپە لە نێوان جومەیلە و نەقشبەندی تەقاندووەتەوە و ،بەو ھۆیەیشەوە كارەبای گوندەكانی ناوچەكە ھەموو بڕدراوە تا دەگاتە جەبارە و جەلەولا".

(ئیبراھیم) گوتیشی، ماوەیەكە داعش لە ناوچەكە جموجۆڵێكی ھەیە و ھێزەكانی حەشدی شەعبی ھەڵمەتێكیان لە ناوچەكە بۆ ئەو مەبەستە دەست پێكرد، بەڵام نەیانتوانی ھیچ كەسێك دەستگیر بكەن.

بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا حەشدی نیشتیمانی لە ناوچە دروست بووە و حەشدی شەعبییش قبووڵی ئەوان ناكات، بۆیە ئەوانیش ئێستا چوونەتە گوندە سوننەنشینەكان و حەشدی شەعبییش بەردەوام دەچێتە سەریان و پێیان دەڵێت پێویستە ئێرە چۆڵ بكەن و، جگە لە بارەگاكانی خۆیان كەسی دیكە قبووڵ ناكەن.

باسی لەوەیش كرد، چەكدارانی حەشدی شەعبی شەوانە دەچنە سەر ماڵە سوننەكان و خەڵك دەڕفێنن و پارە لە ماڵان وەردەگرن.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، ماوەیەك پێش ئێستا داعش چەند تاوەرێكی دیكەی كارەبای تەقاندنەوە و، بەو ھۆیەوە ١٨٠گوند كارەبایان بڕدرا.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار