د. نووری: بەپێی زیادبوونی داھات، رێژەی پاشەكەوتی مووچە كەم دەكرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: "ئاگاداری ئەوە نیم لیژنە بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دروست كرابێت، بەڵام دوای چەند مانگێكی دیكە دیار دەبێت داھات چەند زیاد دەبێت و پاشان بەپێی زیادبوون، رێژەی پاشەكەوت كەم دەكرێتەوە".
(د. نووری عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "من ئاگاداری ئەوە نیم كە لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران پێك ھاتبێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەدا بكرێت، بەڵام ھەموو كات ئەگەری ئەوە ھەیە دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە بكرێت، ئەمەیش كاتێك داھات ھەندێك زیاد بێت ئەو كارە دەكرێت".
(عوسمان) گوتیشی: "لەبارەی ئەوەی كە داھات چەند زیاد بووە، پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی دارایی راپۆرتێك بۆ حكوومەت بەرز بكەنەوە، بەڵام لە مانگی یەكەمی ساڵدا ناتوانین ھەڵسەنگاندن بۆ داھات بكەین و دوای سێ مانگی دیكە دیار دەبێت داھاتی ھەرێم چەند زیادی كردووە".
ئهو ئەندامهی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی دهشڵێت، كە دیار بوو داھات چەند زیاد بووە، ئەو كات بەپێی زیادبوونەكە رێژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كەم دەكرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ھیچ بڕیارێكی لەسەر نەدراوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، چەند مێدیایەك دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك پێك ھاتووە بۆ ئەوەی دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




