مەسیحی و ئەرمەن: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین؛ پێکەوە دەتوانین کێشەکان چارە بکەین

هەولێر-KDP.info- نوێنەرانی مەسیحی و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستاندا رایدەگەیێن، ئەوان بە گەرمی پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە پێوەست بە بەشداری هەموو لایەک لە کۆبوونەوەکان کردوویەتی. دەشڵێن، ''پێکەوە دەتوانین بڕیار لە چارەکردنی کێشەکان بدەین.''
(مهسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس جەختی لەوە کردەوە کە بۆ کۆبوونەوەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێ هەموو لایەنەکان بۆ تێپهڕاندنی دۆخی سیاسیی ههرێمی كوردستان كۆ ببنهوه و هەر تەنیا کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی نهبێت.
لهوبارهوه نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا (یەعقوب گورگیس) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پشتگیری لە پێشنیازەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەبارەی ئەوەی ھەموو لایەنەکان بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن و تەنیا پێنج حیزب نەبێت، چونکە پرسەکان پێوەندی بە ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوەیه بە پێکھاتەکانیشەوە، خۆ تەنیا پێوەندی بە پێنج حیزبەکەوە نییە، بۆیه پێویستە لە کۆبوونەوەکاندا هەموو لایەن و پێکهاتەکان بەشداری بکەن و با پێکەوە بڕیار لە چارەکردنی کێشە و قەیرانەکان بدەین.''
هاوكات سەرۆكی فڕاكسیۆنی گردبوونهوهى كلدان سریان ئاشوور لە پەرلەمانی كوردستان (وهحیده یاقۆ هورمز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جارێکی دیکە (سەرۆک بارزانی) جەختی لە هەڵوێستی حەکیمانەی خۆی کردەوە بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەنە سیاسی و ئایینی و پێکهاتەکان دیکەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو لایەک لە کۆبوونەوەکانی پێوەست بە رەوشی هەرێمی کوردستان بەشداری بکەن، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکان و خەڵکی کوردستاندایە، ئێمەیش بەگەرمی پێشوازی لەو پەیامە دەکەین و بەرزی دەنرخێنین.''
ئاماژەیشی دا، ''کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی لە رابردوودا نەیتوانی کێشەکان چارە بکات، بۆیە بۆ چارەکردنی کێشەکان پێویستە هەمووان پێکەوە بەشدار بین و بڕیار بدەین تا کێشە سیاسییەکان چارە بکرێن.''
نوێنەری ئەرمەنهكانیش لە پەرلەمانی کوردستان (یەروانت ئەمینیان) جهختی كردهوه، لە رابردووشدا (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ ئەوەبوو کە هەموو لایەک بەشداری لە کۆبوونەکاندا بکەن و، ئێستایش کە جارێکی دیکە ئەو داوایەی هەیە ئێمە بەرزی دەنرخێنین و بە گەرمی پێشوازی لێ دەکەین.
ئهو دووپاتی كردهوه، ''کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی نەیتوانی کێشەکان چارە بکات، بۆیە گرینگە هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکان پێکەوە دابنیشین و بڕیار لەبارەی چارەکردنی ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان بدەین.''
بڵند ئیبراهیم-نەشوان بەرزنجی




