د. عەبدولحەكیم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەك قەوارە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، لە ئێستادا وەكو قەوارەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا دەكرێت نەك وەك ھەرێمێك، بۆیە بۆ دانانی ھەر پلانێك سەبارەت بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆچوونی ھەرێمی كوردستان وەردەگیرێت.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بانگھێشتكردن و بەشداریكردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی جیھانیی داڤۆس كە سەركردەكانی جیھانیش بەشدار دەبن تێیدا، گرینگییەكی زۆری ھەیە، بە تایبەت كە لە پەراوێزی ئەو كۆڕبەندەدا چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسەكان دەكرێت و ڕاوبۆچوونی ھەرێمی كوردستان لەبارەی پرسە نێودەوڵەتییەكان دەخرێتە ڕوو، ئەوە دیار دەبێت كە ھەرێمی كوردستان تێگەییشتنی تایبەتی ھەیە لەبارەی پرسەكانەوە".
(خەسرۆ) گوتیشی، ئەو كۆڕبەندانەی لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا دەكرێن، پەیوەندییان بە گۆڕانكارییەكان و شەڕی دژەتیرۆرەوە ھەیە، ھەرێمی كوردستانیش بەو رۆڵەی لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی پێكھاتەكاندا بینیویەتی و هەروەها ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیماندا، كاریگەریی زۆری ھەبوو لەوەی وڵاتان پشتگیریی ھەرێمی كوردستان بكەن لە داھاتوو.
ئەو چاودێرە سیاسییە دهشڵێت، لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان ئەو سیفەتە نێودەوڵەتییەی بۆ دروست بووە كە وەك قەوارەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نەك وەكوو ھەرێمێك، چونكە ھەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی گەلێك و ناوچەیەك دەكات و پێویستی بە پشتگیریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەیە، بۆیە بۆ دانانی ھەر پلانێك سەبارەت بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دیدوبۆچوونی ھەرێمی كوردستان وەردەگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




