سەرۆکی لیژنەی یاسایی: داوامان کردووە هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت؛ بەغدا لە بیانوو دەگەڕێ

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، وەک کوتلە کوردستانییەکان داوایان کردووە هەڵبژاردن لە شاری کەرکووکدا بکرێ، بەڵام بەغدا پاساو دێنێتەوە و دەڵێ کەرکووک دۆخێکی تایبەتی هەیە.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (موحسن سەعدوون) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ''ئێمە داوامان کردووە کە دەبێ هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک بکرێت، بەڵام کۆمسیۆن و حکوومەتی عێراق پێیان سەختە کە بتوانرێت هەڵبژاردن لەو پارێزگایەدا بکەن، چونکە پێیان وایە دەبێ تەوافوق بکرێ و هەندێ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیش هەیە دەبێ هەڵبوەشێتەوە، بۆیە پێناچێ لەو پارێزگایەدا هەڵبژاردن بکرێت.''
دەشڵێ، ''حکوومەتی عێراق پاساوی بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کەرکووکدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە شارەکە دۆخێکی تایبەتی هەیە و دەکەوێتە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ و دادگای فیدراڵیش ماددەی ٢٣ی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام دەبێ چەند ماددەیەکی دیکەش هەڵبوەشێنێتەوە.''
(موحسن سەعدوون) ئاماژەیشی دا، ''وەک کوتلە کوردستانییەکان داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کە پێویستە هاوشێوەی بەغدا و ناسریە هەڵبژاردن بە کەرکووک بکرێت، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانماندا بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن شارەکە بگرێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




