٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنەكەسە: داوامان لە ئەمەریكا كردووە چەك رادەستی پێشمەرگەی "ڕۆژ" بكات

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە"، باس لە دەربازبوونی پێشمەرگەی "ڕۆژ" بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەكات و دەڵێت: "داوای هاوكاریمان لە ئەمەریكا كردووە".

(ئەسمەهان شێخ مووس داوود)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشمەرگەی "ڕۆژ" ڕۆڵەی كوردانی ڕۆژئاوان، داهاتووی ئەوان لە ڕۆژئاوای كوردستانە بەوەی بەرگری بكەن لە خاك و ئاوی خۆیان، وەكو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا داوا لە سەرجەم هێزەكان دەكەین كە هاوكاریمان بكەن بۆ چوونەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان".

 (داوود) دەشڵێت: "هەوڵی چوونەوەمان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان داوە و چوونەوەكەیشمان دەبێت بە چاودێریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت، چونكە یەپەدە لەوێ چەكداری هەیە ئەگەر ئێمە بڕۆینەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێت گەرەنتی هەبێت كە گرفتمان بۆ دروست نەكرێت، چونكە دەبێت بەپێی ئەو رێككەوتنە ئێمە پارێزراو بین، لەبەر ئەوەی ناوچەكەیش لە دۆخێكی هەستیاردایە، بۆیە داوا دەكەین گرنگی بە پێشمەرگەی "ڕۆژ" بدرێت بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە چاوەڕوانی گۆڕانكاری لە ناوچەكە دەكرێت و ئەنەكەسەیش ئێستا یارییەكی سیاسی جوان لە ناوچەكەدا دەكات".

گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی "ڕۆژ" لە باشووری كوردستان مەشقی نێودەوڵەتییان بینیوە لە ژێر سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و بە چاودێریی راهێنەرانی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا، بۆیە ئامادەن بچنەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان".

ئەوەیشی خستە روو: "داوایان لە ئەمەریكا كردووە كە هاوكاریی سەربازی بدەنە پێشمەرگەی "ڕۆژ" تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان".

 

كارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار