بەشداریكردنی ئەنەكەسە لە كۆبوونەوەی "ئاستانا"ـدا یەكلا بووەتەوە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بڕیارە حەفتەی دابێ كۆبوونەوەی ئاستانا لەبارەی دۆخی سووریاوە لە كازاخستان بەڕێوە بچێت، شاندێكی ئەنەكەسەیش بانگهێشت كراوە و بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكات.
(خالید عەلی) بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئاستانا بە سەرۆكایەتیی ڕووسیا و توركیایە و، ئێران و رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریایش بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەن، هەروەها ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیش داوەت كراوە و بڕیارە سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئیبراھیم برۆ) و(كاك دەروێش) لە دەستەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی و(عەبدولحەكیم بەشار) كە نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردییە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا بكەن، بەشداریكردنی ئەنەكەسەیش لەو كۆبوونەوەیەدا، یەكلا بووەتەوە".
(عەلی) گوتیشی، پێشتر رێككەوتنێك لە نێوان ئەنجوومەنی ینیشتیمانیی كوردی لە سووریا و ئۆپۆسیۆنی سووریا كراوە لەبارەی مافی كورد لە سووریا و، ئۆپۆزسیۆنیش تێبینی لەسەر خاڵی فیدراڵی ھەبوو، بۆیە لە كۆبوونەوەی ئاستانا ئەوەی كورد بڕوای پێ ھەبێت لەبارهی فیدراڵییەوە لە پڕۆژەكەیدا دەبێت، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەی كۆنگرە دیاری نەكراوە.
بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان دەشڵێت، ئەوەی گرینگە لەو كۆبوونەوەیەدا كار بۆ ئاگربەست دەكرێت و دواتریش كار لەسەر ئاستی سیاسی دەكرێت، كە رەنگە لەو كۆبوونەوەیەدا ھەیكەلێكی نوێی سیاسی دابنرێت، بۆیە گرینگە كوردیش بەشدار بێت لەو ھەیكەلە نوێیەدا، بەڵام پەیەدە بەشداری ناكات.
باسی لەوەش كرد، بەشداریكردنی كورد لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا، زۆر گرینگ و ئەرێنییە، چونكە نوێنەرانی كورد دەتوانن داخوازیی كورد بگەیێنن و بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆ بكەن.
بڵند ئیبراھیم




