عەدنان كەركووكی: بەغدا ترسی لە كەركووك هەیە.. نایەوێ ھەڵبژاردنی لێ بكرێ

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، عەرەب و توركمان نایانەوێت ھەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام بدرێت، هەڵبەت ترسیان ھەیە دەنگ نەھێنن و حكوومەتی عێراقیش هەمان مەترسیی ھەیە، بۆیە نایەوێت ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت.
(عەدنان كەركووكی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە مانگی نۆدا وادەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان تەواو دەبێت، بۆیە بڕیار بوو لە مانگی چواری ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام وەك ئەو دەڵێ ''نازانم چ گۆڕانكارییەك رووی داوە''، مانگی نۆی ئەمساڵ بۆ ھەڵبژاردن لەلایەن حكوومەتی عێراق دیاری كراوە، كە رەنگە وادەی كۆمسیۆن درێژ بكرێتەوە.
(كەركووكی) گوتیشی، ''كەركووك تاوەكو ئێستا یاسایەكی تایبەتی بۆ دەرنەچووە كە ھەڵبژاردنی لێ ئەنجام بدرێت و بڕوایش ناكەم لایەنەكان لەبارەیەوە بگەنە رێككەوتن بەتایبەت لە ماددەی٢٣ كە ئایە ھەموار دەكرێتەوە یاخود نا، ئەمانە ھەمووی پرسیارن، بەڵام لەسەر لایەنە سیاسییەكان دەمێنێتەوە كە چۆن پێیان باشە ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت.''
(عەدنان كەركووكی) دهشڵێت، ''عەرەب و توركمان پێیان باش نییە ھەڵبژاردن لە كەركووك ساز بدرێ، چونكە دەترسن دەنگی كەم بە دەست بێنن و، كوردیش زۆرینە بەدەست بێنێت، لەبەر ئەوەی ئەزموونیان لەگەڵ ھەڵبژاردنی رابردوو ھەیە، كە لە ساڵی ٢٠٠٥ كورد لە كۆی ٤١كورسی ٢٦كورسی بەدەست ھێنا.''
باسی لەوەیش كرد، خەڵكی كەركووك پێی خۆشە ھەڵبژاردن بكرێت، بەڵام نازانرێت تا مانگی رابردوو چ پێشھاتێك دێتە پێش و چ گۆڕانكارییەك روو دەدات.
باوەڕیشی وایە كە ئەگەر ئەمجارە ھەڵبژاردن لە كەركووك ساز نەدرێت ، ئەوا زۆر دوا دەكەوێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی زیاتر گوتی: '' حكوومەتی عێراق مەترسی ھەیە و ھەموو ھەوڵێكیش دەدات ئەنجامی ھەڵبژاردنی رابردوو لە كەركووك ئەمجارە دووبارە نەبێتەوە، لەبەر ئەوەش نایەوێت ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت، بۆیە گەر ئەمجارە ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت، پێویستە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت.''
بڵند ئیبراھیم




