پێشانگایەكی نێودەوڵەتی لە سەنتەری ڕۆشنبیریی قەڵای ھەولێر دەكرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی كۆمسیۆنی قەڵای ھەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیریی قەڵای ھەولێر، پێشانگایەكی نێودەوڵەتی دەكرێتەوە و بۆ ماوەی سێ حەفتە بەردەوام دەبێت.
(دارا یەعقووبی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە قەڵای ھەولێر لە ژێر چاودێریی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و بە ھاوكاریی كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر، ڕێكخراوی (ڕۆیا) پێشانگایەكی نێودەوڵەتی دەكاتەوە، لە ژێر ناوونیشانی (جوانیی شاراوە) كە پێشانگاكە بۆ ماوەی سێ حەفتە بەردەوام دەبێت".
لەو پیشانگایەدا کە ئەمڕۆ دەکرێتەوە و ناوەڕاستی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت، لەلایەن هونەرمەند (فلیپ ڤان کاوتێرین) بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخەوە سەرپەرشتی دەکرێت و، تیایدا چەندین هونەرمەندی عێراقی بەرهەمە هونەرییەکانیان نمایش دەکەن.
قەڵای ھەولێر وەك شوێنی بەڕێوەچوونی پێشانگاكە، لە ساڵی (2014)ـدا لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆوە وەك میراتێكی مرۆڤایەتیی جیھانی ناسراوە و ناوی لە لیستی شوێنەوارە جیھانییەكاندا تۆمار كراوە.
فایزه كۆیی




