چاودێران: جیهان لەوە گەیشتووە کە کورد ئیدارەی دیموکراسیی و لاوازکردنی پێگەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین دەدات

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی دەڵێن، رۆژ دوای رۆژ ئومێدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێ و جیهان لەوە تێگەیشتووە كە كورد لە ناوچەكە نەك تەنیا دەتوانێت ئیدارەی دیموكراسی ناوچەكە بدات، بەڵكو توانیویەتی ئیدارەی لاوازكردنی پێگەی تیرۆریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، چونكە هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە هاوپەیمانیەتی دژی داعش، بەبێ هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێك نانێت و هەرێم بووەتە هاوپەیمانێكی سەرەكیی".
(وەیسی شەهاب) چالاكوانی بواری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی گەشی لە پێشە، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی شەڕی ڕاستەقینەی تیرۆر دەكات، رۆژ بە رۆژ ئۆمێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێ، پێشمەرگە هێزێكی كاریگەرە، شەڕی دژی داعش، شەڕێكی جیهانییە و پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان لەسەنگەردایە و داعشی لاواز كردووە.
ئاماژەیشی دا، سەردانی سەرۆك و سەركردەكانی وڵاتانی جیهان بۆ هەرێم و بەشداری سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەندی داڤۆس و كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی جیهان، ئەوەیش گرینگی دانە بە هەرێمی كوردستان، هۆكاری گرنگیدانی وڵاتان بە هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرینگی هەیە بۆ لەناوبردنی داعش و ناوچەیەكی ئارامە لە رۆژهەلاَتی ناوەڕاستدا.
( هۆزان خۆرشید) چالاكوانی بواری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بێگومان ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان دەكەن، هەروەها سەرۆكێكی بەهێزی هەیە و توانیویەتی كێشەی كورد بە هەموو جیهان بگەینێت، هەر لەبەر ئەوەیش هەرێم پێگەی خۆی لە جیهان هەیە، هەر لەبەر ئەوەیش بە شتێكی سرووشتی دەبینم كە سەركردەكانی جیهان سەردانی هەرێم بكەن، سەردانی سەرۆككۆماری فەڕەنسا و دواتر سەرۆكوەزیرانی توركیا و بەشداری سەرۆكی هەرێم لە داڤۆس گرینگی هەموو ئەو سەردانانە لە داهاتوودا بەدەر دەكەوێت.
( محەمەد هەژار) رۆژنامەنووس لە شاری سۆران بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كورد پێشوەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، تاكە شوێن كە لە ناوچەكە بۆ وڵاتانی جیهان ئەمن و ئاساییشی تێدا بێت هەرێمی كوردستانە، لە داهاتوویش كورد ئەو پێگەی زیاتر دەبێت، جیهان لەوە تێگەیشتووە كە كورد لە ناوچەكە نەك تەنیا دەتوانێت ئیدارەی دیموكراسی ناوچەكە بدات، بەڵكو توانیویەتی ئیدارەی لاوازكردنی پێگەی تیرۆریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، چونكە هەموو لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە هاوپەیمانیەتی دژی داعش، بەبێ هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێك نانێت و هەرێم بووەتە هاوپەیمانێكی سەرەكیی".
ڕابین شێروانی




