٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: "به‌غدا غه‌درێكی دیكه‌ی له‌ كه‌ركووك كرد"

سەرچاوە: KDP.info

كه‌ركووك-KDP.info-  ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ڵێ، به‌غدا غه‌درێكی دیكه‌ی له‌ كه‌ركووك كرد به‌وه‌ی له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ ناچێت و ده‌شڵێ، به‌غدا ترسی له‌وه‌ی هه‌یه‌ كورد رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگی پارێزگاكه‌ به‌ده‌ست دێنێ.

(ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "حكوومه‌تی عێراق غه‌درێكی دیكه‌ی له‌ خه‌ڵكی پارێزگای كه‌ركووك كرد به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌گه‌ل پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق له‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ ناچن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و غه‌درانه‌ی به‌غدا له‌ كه‌ركووك كردی، چونكه‌ ئه‌مه‌ 13 ساڵه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك نه‌كراوه‌ و دیاره‌ به‌غدا نایه‌وێ كه‌ركووك ئه‌نجوومه‌نێكی كارای پارێزگای هه‌بێت و نیه‌تی به‌غدا دیاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كه‌ركووكییه‌كان.''

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك گوتیشی "ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ركووك پارێزگه‌یه‌كی فره‌پێكهاته‌یه‌، خۆ له‌ مووسڵیش پارێزگایه‌كی فره‌پێكهاته‌یه‌ و كورد و عه‌ره‌ب و توركمانی و مه‌سیحی تێدا ده‌ژین و، هێشتا هه‌ر ئازاد نه‌كراوه‌ تا هه‌ڵبژاردنی تێدا بكرێت، له‌ دیاله‌ به‌هه‌مان شێوه‌، ته‌نیا ئه‌و غه‌دره‌ له‌ كه‌ركووك كراوه‌.''

عه‌سكه‌ری ئاماژه‌ی دا "ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی بڕیاره‌كه‌ی به‌غداین و داوایش له‌ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان ده‌كه‌ین بێده‌نگ نه‌بن له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و غه‌دره‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك دوا ده‌خات ترسی له‌وه‌ی هه‌یه‌ كورد رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌نگه‌كانی پارێزگا به‌ده‌ست دێنێ ئه‌مه‌ش مافی خۆمانه‌ وه‌ك كورد.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار