عەلی تەتەر: سیاسەتی بانێك و دوو هەوای پەكەكە، زیانی زۆری لە هەرێم داوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 10ـى پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە وەك پارتی هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ پەكەكەدا نییە، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی ناشەرعییە و، گوندەكانی ئێمە بە زۆر داگیر دەكەن، تەنانەت ستەم لە كادیر و ئەندامانی ئێمەیش دەكەن، بۆیە ئەو سیاسەتی بانێك و دوو هەوایەی پەكەكە، زیانی زۆری لە گەلی كورد داوە".
(د. عەلی تەتەر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەكەكە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی ناشەرعییە و زۆری لە خەڵكی ئێمە دەكەن و گوندەكانی ئێمە داگیر دەكەن، تەنانەت ستەم لە كادیر و ئەندامانی ئێمەیش دەكەن، بەداخەوە سیاسەتی پەكەكە، سیاسەتێكی زۆر هەڵە و خراپە، تەنیا تەحەموولی پارتی و سەركردایەتی پارتی بووە كە بەرەو كێشەیەكی گەورەتری نەبردووین، ئەگەرنا ئەوان سیاسەتێكی دروست پەیڕەو ناكەن، ئێمە وەك پارتی هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ پەكەكەدا نییە، بەڵام پەكەكە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و هەندێك شوێنی داگیر كردووە، ئێمەیش پێمان خۆش نییە هیچ هێزێكی نایاسایی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، لە هەرێم بێت".
(تەتەر) گوتیشی: "مافی پێشمەرگەكانی رۆژئاوایە كە بگەڕێنەوە رۆژئاوا و بەرگری لە خاك و گەلی خۆیان بكەن، نابێت هیچ هێزێكیش ڕێگر بێت، كە تۆ ڕێگا نەدەی ئەو هێزە بچێت بەرگری لە گەلەكەی بكات، چۆن پەكەكە ئەو مافە بە خۆی دەدات كە بێتە قەندیل یان شنگال و بە زۆری خۆی لەو ناوچانەدا بسەپێنێت، ئەوان باس لەوە دەكەن ئەگەر دوو هێز لێرە بن، شەڕ دروست دەبێت، مادەم وایە بۆچی هێزەكەی تۆ ئەگەر لە شنگال و قەندیل بێت شەڕ دروست نابێت، ئەو سیاسەتی بانێك و دوو هەوایەی پەكەكە، بە ڕاستی زیان لە گەلی كورد بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەدات".
ڕابین شێروانی




