سەڵاح بەدرەددین: پەیەدە بەشێكە لە رژێمی سووریا

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، پەیەدە نە بە نوێنەری كورد ھەژمار دەكرێت و نە ئۆپۆزسیۆنیش بە ھێزێكی شۆڕشگێڕ دایدەنێت، بەڵكوو بە بەشێك لە رژێمی سووریا حیساب دەكرێت.
(سەڵاح بەدرەددین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە بە نوێنەری كورد ھەژمار ناكرێت و ئۆپۆزسیۆنیش وەكو ھێزێكی شۆڕشگێڕ تەماشای ناكات، بەڵكوو بەشێكە لە رژێمی سووریا، بۆیە رەنگە پەیەدە لەگەڵ رژێمی سووریا بەشداری لە كۆبوونەوەی (ئاستانا) لە كازاخستان لەبارەی دۆخی سووریا بكات، چونكە زۆر گرووپ ھەن سەر بە رژێمی سووریان، لەبەر ئەوە گەر رژێمی سووریا بەشداری بكات بە ناوی ھەموو ئەو گرووپانە بە پەیەدەوە بەشداری دەكەن".
(بەدرەددین) گوتیشی، توركیایش رازی نییە پەیەدە بەشدار بێت كە وڵاتێكی بەشداربووی سەرەكیی كۆبوونەوەی ئاستانایە.
ڕوونیشی كردەوە، چوونی پەیەدە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، بۆ كورد و ئۆپۆزسیۆنی سووریایش، ھیچ بایەخێكی نییە.
باسی لەوەیش كرد، پێویستە لەسەر ئاستی نەتەوەیی كۆنگرەیەكی كورد لە باشووری كوردستان بە سەرپەرشتیی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، چونكە پڕۆژەی نەتەوەیی كوردی لە سووریا ون بووە و كورد یەكگرتوو نین لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە دۆخی كورد لە سووریا زۆر خراپە.
بڵند ئیبراھیم




