دۆسکی: بڕیاری سیاسی باش بۆ کوردستان دەدرێت؛ کوردستان وەک دەوڵەت لە داڤۆسە

دهۆک-KDP.info- چاودێری سیاسی (د.دیندار دۆسکی) رایگەیاند، بەشداری (بارزانی) لە کۆڕبەندی داڤۆس زۆر گرینگە بۆ ئێستای کوردستان و پرسی گەلی کوردستان دەگەیەنێتە کۆڕبەندەکە چونکە (سەرۆک بارزانی) پڕۆژەی سەربەخۆیی هەیە و لە کۆڕبەندەکەشدا باسی دەکات.
چاودێری سیاسی (د.دیندار دۆسکی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆنگرەی داڤۆس لە ئاستی جیهان شتێکی زۆر گرینگە، لەڕووی سیاسییەوە دەوڵەتان کۆدەبنەوە و باسی گۆڕانکاری ناوچەکە دەکەن کوردستانیش وەک دەوڵەت بەشداری دەکات کە بۆخۆی دەستکەوتێکی سیاسیی گرینگە، چونکە بابەتی ئابووری کە تایبەتمەندی کۆڕبەندەکەیە کاریگەری باشی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ.
دەشڵێ، لە کۆڕبەندەکە دا (جۆبایدن) جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە ئێستا ماوەکەی تەوابووە بەشداری دەکات و رۆڵێکی گرینگی هەیە و خاوەنی پڕۆژەی فیدراڵیەتە بۆ عێراق و پێوەندی باشی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) هەیە بۆیە گرینگە کە (بارزانی) دووبارە پەیامی خۆی پێدەگەیەنێت.
(دۆسکی) ئاماژەیشی دا، (سەرۆک بارزانی) پڕۆژەی سەربەخۆیی هەیە، پەیامێکی هەیە دەیەوێ باسی دۆخی کوردستان و ناوچەکە بکات، شەڕی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان و داعش بە تایبەت ئازادکردنەوەی مووسڵ و چەندین بواری دی دەخاتە ڕوو.
(دیندار دۆسکی) روونیشی کردەوە کە ئێستا دنیا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات و کورد وێنەیەکی ئەوەندە جوانە چاوەڕوان دەکەین کە شتی تازە بۆ کوردستان بێتە پێش و بڕیاری سیاسی باش بۆ کوردستان بدرێت.
کارزان سەباح




