دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە تێبینیی هەیە

هەولێر-KDP.info- دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق را و بۆچوونی خۆی داوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران و، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنیش دەڵێ: "داوا لە هاووڵاتیان دەكەین بەشداری لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا بكەن".
(خەسرۆ گۆران)، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد و چەند تەوەرێك لە كۆبوونەوەكەدا خرانە ڕوو، لەوانە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە هەموار بكرێتەوە، ئێمە وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێبینیی خۆمان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاساكە ئامادە كردووە و رادەستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان كردووە".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی: "بەردەوام لەگەڵ كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی كاروبارەكانی بەڕێوە بچێت بە هەموو شێوەیەكیش ئامادەی هاوكارین لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و هەڵبژاردنەكانی هەرێم".
(گۆران) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین سەردانی بنكەكانی بایۆمەتری بكەن بۆ خۆتۆماركردن، چونكە پڕۆسەیەكی گرینگە و بەردەوام ئێمە لەنێو هاووڵاتیانداین سەردانی بنكەكان دەكەین بۆ چاودێریكردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە هەرێمی كوردستان".
قائید میرۆ




