٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشمەرگە: قسەكانی مالیكی بۆ شاردنەوەی فەشەل و تاوانەكانێتی.. كاریگەری نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێ، ئەو ناوچانەی ئێستا (مالیكی) دەڵێ دەبێـت ھێزی پێشمەرگە لێیان بكشێتەوە، كوردستان بە خوێنی (١٦٠٠) شەھیدی پێشمەرگە ئازادی كردوون و پێشتریش ھەر كوردستانی بوون، بۆیە ھێزی پێشمەرگە ناكشێـتەوە.

لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، (فەریق جەمال محەممەد) سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی: "ھۆكاری ھاتنی داعش و ماڵوێرانیی عێراق (مالیكی) و سیاسەتی دەستە و تاقمەكەی بووە، بە تایبەتی ئەو پلەدارە سەربازییە شۆڤێنییانەی سەر بە (مالیكی) بوون، ھەڵسوكەوتی خراپ و ھەڵەكانیان وای كرد خەڵكی مووسڵ و تەواوی پارێزگاكە لێیان بێزار بن و لە سەرەتادا ئەو خەڵكە بەرگری نەكرد و بگرە پێشوازییان لەداعش كرد، لەشكری (مالیكی) و ھەڵسوكەوتە خراپەكانی داعشی دروست كرد و تا ئەمڕۆیش ئەو تیرۆریستانە بەتانك و چەك و زرێپۆش و تەقەمەنیی ئەو سوپایە شەڕ دەكەن".

سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "شكستی (مالیكی) بوو كە ٣ فیرقەی ڕادەستی داعش كرد و ئەو ھەموو كورد و عەرەبی سوننە و شیعەیە شەھید بوون، قسەكانی ئێستایشی دژ بە  گەلی كورد و ھێزی پێشمەرگە بۆ شاردنەوەی فەشەلەكان و تاوانەكانێتی و ھیچ كاریگەری لەسەر ھێزی پێشمەرگە نییە. ئێمە خاوەنی (سەرۆك بارزانی) و ھێزی پێشمەرگەو پاڵپشتیی گەلەكەمان و دنیای ھاوچەرخین، گرینگی بەم جۆرە قسانە نادەین و ھەر شوێن و ناوچەیەك خوێنی شەھیدی لێ ڕژابێت، سازشی لەسەر ناكەین و كوردستانییە تەنانەت پێش رزگاركردنیشی ئەو ناوچانە كوردستانی بوون. خوێنی ( ١٦٠٠) شەھیدی پێشمەرگە سازشی لەسەر ناكرێت لەگەڵ (مالیكی) و ھەر ھەنگاوێك دژ بە كوردستان و پێشمەرگە بھاوێت، چارەنووسی لە تیرۆریستانی داعش باشتر نابێت".

 فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار