وڵاتان پشتگیریی بەشداریکردنی ئەنەکەسە لە کۆبوونەوەی ئاستانا دەکەن

رۆژئاوای کوردستان -KDP.info-ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان لە سووریا ئاشکرای کرد، ھیچ وڵاتێک دژی بەشداریکردنی ئەنەکەسە نییه لە کۆبوونەوەی ئەستانادا و، ھەمووان پشتگیریی ئەنەکەسە دەکەن، بەڵام بڕیار دراوە کە نابێت پەیەدە بەشداری بکات.
(د.کاوە ئازیزی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھیچ وڵاتێک دژی بەشداریکردنی ئەنەکەسە لە کۆبوونەوەی ئاستانە لە کازاخستان نییە کە پێوەست بە دۆخی سووریا ساز دەدرێ، هەڵبەت ئیئتیلافی سووریا و رووسیا و تورکیا و دەستەی دانوستانەکان و یوئێن و ئەمەریکا پشتگیریی لە بەشداریکردنی ئەنەکەسە لەو کۆبوونەوەیەدا دەکەن.''
ئاماژەیشی دا، ''ئەگەر بەشداریی کۆبوونەوەکەیش نەکەین ئەوا دژی ناوەستینەوە، چونکە لە بەرژەوەندیی سووریادایە و ئاگربەست رادەگەیەندرێ و داوای دەوڵەتیکی فیدراڵی دەکرێ کە ئەمە بۆ کورد دەرفەتێکی مێژووییە، بەڵام رەنگە ئێمە بە شاندێکی جیا بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەین.''
پێوەست بە بەشداریی پەیەدە لەو کۆبوونەوەیەدا، (ئازیزی) گوتی، بەشداری بە پەیەدە ناکرێ و بڕیاری کۆتاییش لەو بارەوە دراوە.
بڵند ئیبراھیم




