د.كهیوان ئازاد: بەشداریی بارزانی لە کۆنگرەی داڤۆس زۆر گرینگە؛ هەرێم وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەددین باس لە گرینگیی کۆنگرەی داڤۆس دەکات و دەڵێت "بەشداریی (بارزانی) لەو کۆنگرەیەدا زۆر گرینگە، چونکە هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
ئهمڕۆ دووشەممە 16-1-2017، سەرۆک (مەسعوود بارزانی)، سهرۆكی ههرێمی كوردستان به سهردانێك بهرهو ئهورووپا بهڕێكهوت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سهردانهكەیدا بەشداری لە كۆڕبهندی ئابووریی جیهان له داڤۆس دەکات کە رۆژانی 17- تا 20 ی ئەم مانگە لە سویسڕا بەڕێوە دەچێت.
بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا (سەرۆک بارزان)ی كۆمهڵێک دیدار و چاوپێكهوتنی لهگهڵ سهركرده بهشداربووهكاندا دهبێت.
(د.کهیوان ئازاد) مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''سەردانی (بارزانی) بۆ داڤۆس گرینگیی تایبەتی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەوە هەیە. ئەگەر بە واقعی سەیری بکرێت ئەوا گرینگە (بارزانی) بەشداری لەو کۆنگرەیەدا دەکات. ههڵبهت مێژووی ئەم کۆنگرەیە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی حوکمڕانیی کوردستان، بەڵام بەشداریی کوردستان لەم کۆنگرەیەدا و، دیاریکردنی کەسایەتیی (بارزانی) بۆ ئەو کۆنگرەیە، پەیامێک دەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.''
ئهو مامۆستای زانکۆ ئاماژەیشی دا، "ئەو دەوڵەتانەی بەشداری له کۆنگرەی داڤۆسدا دەکەن دەوڵەتی سەرمایەدار و گرینگن، خۆی هێشتا هەرێمی کوردستان سهربهخۆییی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام دەبینین بە واقعی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ وەک دەوڵەت، ئەوەش مایەی دڵخۆشییە کە ددان بە کوردستان وەك دەوڵەت دەنرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە کوردستان لە قەیران دەرچووە و بەرەو داهاتوویەکی پرشەنگدار هەنگاو دەنێ.''
دەشڵێ، ئەمڕۆ دوونیا لە ڕووی ئابوورییەوە سەیری وڵاتان دەکات و ئەو وڵاتانەی سیاسەتیان لەسەر ئابووریی بونیاتنانەوە چ وەک سەرمایەدار و چ وەک دەوڵەت لە یەک وێستگەی دانیشتن دەدوێن، ئەمەش ئایندەیەکی گەش بۆ داهاتووی هەرێم دەردەخات.
کارزان سەباح




