ئەلغەد پرێس: حزبی دەعوە بۆ سێ بەرەی هەڵبژاردن دابەش بووە

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێی هەواڵیکی ماڵپەڕی (غەد پرێس)، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حزبی دەعوەی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو حزبە بۆ قوناغی داهاتوو بە سێ لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لیستەکان بریتی دەبن لە: لیستی تەکنۆکراتەکان کە هیچ پاڵێوراوێکی خۆلەکانی پێشوو لەخۆ ناگرێت، سەرەڕای ئەوەی (نووری مالیکی) بە لیستیكی جیا و دوور لە دەعوە بەشدار دەبێت، ههروهها (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕاگەیاندنی لیستەکان پێوەندی بە یاسای هەڵبژرادنەکانەوە هەیە، بەڵام (مالیکی) جیگری سەرۆککۆمار نیازی وایە کە جیا لە (حەیدەر عەبادی) و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، بەشداری له هەڵبژاردنەکاندا بکات.
جێگای ئاماژەپێدانە، ماوەیەکە دەنگۆی ناکۆکی و جیابوونەوەی (مالیکی) و (عەبادی) و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە بووەتە باسی ڕۆژەڤی میدیای عەرەبی بە گشتی و عێراقی بەتایبەتی، ئەمە لەکاتێکدایە جگە لە چەند ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم دەنگۆیانە تا ئێستا لە لایەن هەریەک لەو بەرپرسانەوە بە فەرمیی پشتڕاست نەکراونەتەوە.




