٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەیسەر حەجی: مالیكی لە پشت مانەوەی پەكەكەیە لە شنگال

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شنگال رایگەیاند، (مالیكی) هۆكاری مانەوەی پەكەكەیە لە شنگال، چونكە هەر ئەو هۆكاری هاتنی داعش و ئەو ڕِەوشە ناخۆشە بوو كە بەسەر خەڵكی شنگالدا هات، كە دەزانێت ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی كوردستانییە، بۆیە دەیەوێت بەردەوام كێشە و ناخۆشی لەو  ناوچانە هەبێت و خەڵكی ئێزدی بە ئاسوودەیی نەژین.

(مەیسەر حەجی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داواكاریی خەڵكی شنگالە كە پەكەكە سنوورەكە چۆڵ بكات، هەتا هەموو جیهانیش داوا دەكات ئەو هێزە لە شنگال نەمێنێت بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵكی شارەكە بكەن و ئاوەدانی بكەنەوە، چونكە مانەوەی پەكەكە لە شنگال بەردەوام مەترسی لەسەر خەڵكی ناوچەكە هەیە و خەڵك هەست بەوە دەكەن ئەگەر پەكەكە لە شنگال بمێنێت، جارێكی دیكە تووشی كارەساتێكی دیكە دەبنەوە، بۆیە داوا دەكەن پەكەكە لە شنگال نەمێنێت، كە هەر ئەوەیش وای كردووە تا ئێستا تەنیا نزیكەی 200 خێزان بگەڕێنەوە شنگال، ئەگەر ئێستا پەكەكە لەناوچەكە نەبایە، لەو باوەڕەدا بووم ئێستا خەڵكی ئاوارەبووی شنگال هەموو گەڕابانایەوە، بۆیە باشترە بۆ پەكەكە خۆ لە شنگال بكشێتەوە و بچێتە ئەو شوێنە كە شوێنی خەباتی ئەوانە".
قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شنگال گوتیشی: "(مالیكی) هۆكاری مانەوەی پەكەكەیە لە شنگال، كە ئەویش دوژمنی گەلی كورد و خەڵكی شنگالە، چونكە هەر ئەو هۆكاری هاتنی داعش و ئەو ڕەوشە ناخۆشە بوو كە بەسەر خەڵكی شنگالدا هات، كە دەزانێت ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی كوردستانییە، بۆیە دەیەوێت بەردەوام كێشە و ناخۆشی لەو  ناوچانە هەبێت و خەڵكی ئێزدی بە ئاسوودەیی نەژین".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار