٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتارە ئایینییەكان لە دەزگەكانی راگەیاندن كۆنتڕۆڵ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی گوتارە ئایینییەكان لە راگەیاندنەكان كۆنتڕۆڵ بكەن و دەڵێ، لەمەودوا رێگە بەهیچ كەناڵێكی راگەیاندن نادرێت بە ئارەزووی خۆی گوتاری ئایینی پەخش بكات كە ناوزڕاندن و پێچەوانەی پێكەوەژیان و ئاساییشی نیشتیمانی بێت.

(مەریوان نەقشبەندی)، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەت پلانی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو گوتارە ئایینیانەی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیال مێدیا بڵاو دەكرێنەوە و، لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری لە دانوستانداین بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵ بكرێن، چونكە نابێت هەر كەناڵێك بە ئارەزووی خۆی گوتاری مامۆستایەك یان بانگخوازێك بڵاو بكاتەوە و پێچەوانەی پێكەوەژیان و ئاساییشی نیشتیمانی بێت، رێگەیش نادرێت لەمەودوا كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ پەخشكردنی گوتاری هەینی سەربەخۆ بچنە نێو حەرەمی مزگەوتەكانەوە و پێویستە مۆڵەت لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی وەربگرن".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: "كەناڵەكانی راگەیاندن لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە بەڕێوە دەبرێن و زۆر جار گوتاری ئایینی بڵاو دەكەنەوە ناوزڕاندنی تێدایە، لەبەر ئەوەیش رێگری لەو دیاردەیە دەكەین و پێویستە راگەیاندنەكان رێگە نەدەن هیچ گوتارێكی ئایینی بڵاو ببێتەوە ئەگەر ناوزڕاندنی تێدا بوو دژی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاسایشی نیشتیمانی بێت، بە پێچەوانەوە مۆڵەت لە كەناڵەكە وەردەگیرێتەوە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، بەڵام ئەگەر مامۆستا و گوتارخوێنەكە فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف بێت، ئەوكات وەزارەت خۆی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكات".

(نەقشبەندی) دەشڵێ: "ئەگەر گوتاری توند لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە، ئەوە لە رێگەی دادگاوە سكاڵا لەسەر گوتارخوێنەكە تۆمار دەكەین، وەك ئێستا نموونەیەكمان لە بەردەستە مامۆستایەكی ئایینی تەشهیری بە بەڕێوەبەرەكانی حەج و عومرە كردووە و سكاڵامانە لەسەری هەیە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار