خەسرۆ گۆران: بەشداریی كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، فڕاكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دەكات و دەشڵێ: "یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بەقەزاكردنی ناحیەی عامرلییە، بەڵام ئێمە لایەنگیر نین لە پرسی بەقەزاكردنی عامرلی و پێویستە خەڵكی عامرلی خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن".
(خەسرۆ گۆران)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دوو پرسەوە كۆ ببنەوە، بەڵام من لە هەرێمی كوردستانم و جێگرەكەم و سەرۆكی لیژنەی یاساییم لە پشكی پارتی راسپاردووە بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكەن، یەكێك لەو پرسانەی باسی لێوە دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، پڕۆژەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە و ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی تێبینیمان لەسەر پڕۆژەكە هەیە و پێشتریش ئەو تێبینییەمان خستووەتە ڕوو".
(گۆران) ئاماژەی بەوەیش كرد: "هەرلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دانوستان لەبارەی بەقەزاكردنی عامرلی دەكرێت، كە بڕیار دراوە لە ناحیەوە بگۆڕدرێت بە قەزا، كە پێشتر سەر بە خورماتوو بوو، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت خەڵكی ناحیەكە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و ئێمە لایەنگیر نین لەو پرسەدا، زۆرینەی خەڵكی ناحیەی عامرلی توركمانی شیعەمەزهەبن، ئەگەر ئەوان بەو بڕیارە رازین، ئێمە رازینە و كێشەمان لەوەدا نییە، بەڵام خەڵك خۆی بڕیار بدات".
قائید میرۆ




