"كیمیاییهكهی زانكۆی مووسڵ یەكلا نەكراوەتەوە.. دوو رۆژی تر رزگاركردنی لای چەپی رادەگەیێندرێت"

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، چەند گەڕەكێكی كەمی لای چەپی شاری مووسڵ ماون بە تەواوەتی رزگار بكرێن، چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوو رۆژی داھاتوودا قۆناغی دووەمی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ بە كۆتا بێت و لای چەپی مووسڵ بە تەواوەتی رزگار بكرێت.
(ھاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قۆناغی دووەمی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ لەو وادەیەی بۆی دانراوە خێراتر بەڕێوە دەچێت و، لە ئێستادا چەند گەڕەكێكی كەم كە ناگاتە پێنج گەڕەك ماون لای چەپی شاری مووسڵ بە تەواوەتی رزگار بكرێن، بۆیە لە دوو رۆژی داھاتوودا رزگاركردنی لای چەپی شاری مووسڵ بە تەواوەتی رادەگەیێندرێت و قۆناغی دووەمی پرۆسەی ڕزگاركردنی مووسڵ تەواو دەبێت، چونكە لە ئێستادا ئەو گەڕەكانەی ماون لە ڕووی سەربازییەوە بە كەوتوو حیسابن".
(بریفكانی) گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە مووسڵ ماون و ماڵەكانیان چۆڵ نەكردووە لە كاتی شەڕكردندا، بەڵام تا ئێستا ژمارەی ئاوارەكان گەییشتووەتە نزیكەی ١٩٠ھەزار كەس، بۆیە پێویستە حكوومەتی خۆجێیی مووسڵ و حكوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەك ھاوكاریی ئەو خەڵكە بكەن".
سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی نۆ بەرمیل ماددەی كیمیایی لە زانكۆی مووسڵ، (بریفكانی) گوتی، ئەو ماددەیەی دۆزراوەتەوە تاوەكو ئێستا دیار نییە كە ھیی تاقیگەكانە یاخود داعش ھێناویەتی بۆ بەكارھێنان، بۆیە ئەمە ھێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




