ناونووسینی كوردانی شەبەك بۆ لیوا نوێیەكە بەردەوامە.. سەدان كەس خۆیان ناونووس كردووە

مووسڵ-KDP.info- ناونووسینی كوردانی شەبەك بۆ لیوا نوێیەكەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و تا ئێستا بە سەدان كەس خۆیان ناونووس كردووە، نوێنەرێكی شەبەكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، رۆژی یەكشەممە نانووسین تەواو دەبێت و ئەو لیوایەیش وەك لیوایەكەی دیكە دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری لە ناوچەكانی خۆیان دەكەن.
(سالم شەبەك) نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی هەزار پێشمەرگەی شەبەك لە دەشتی نەینەوا، خەڵكێكی زۆر لە خەڵكی شەبەك خۆیان ناونووس كردووە و، ناونووسینیش بەردەوامە و رۆژی یەكشەممە كۆتایی بە ناونووسین دێت، ئەوانەیش نەك تەنیا خەڵكی شەبەكن، بەڵكوو خەڵكی دیكەیش لە پێكهاتەكانی دیكە خۆیان ناونووس كردووە، بەڵام 75% خەڵكی شەبەكن، تا ئێستایش ناونووسین بەردەوامە، بەڵام بە هۆی داواكاریی خەڵكی ناوچەكەوە، هەزار پێشمەرگە كەمە و داوا دەكەین ئەو ڕێژەیە زیاتر بكرێت".
(شەبەك) گوتیشی: "دامەزراندی ئەو لیوایە شتێكی زۆر باشە، بۆیە زۆر سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێم دەكەین، ئەوانە بە زووترین كات ڕاهێنانیان پێ دەكرێت و دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، وەك لیوایەكەی دیكە بەرگری لە خەڵكی دەشتی نەینەوا دەكات".
نوێنەری كوردانی شەبەك دهشڵێت، بە سەدان خەڵكی شەبەك دوای ئازادكردنی ناوچەكانی خۆیان گەڕاونەتەوە گۆبجەلی و تۆپزاوا و ناوچەكانی دیكە، گەڕانەوەیش بەردەوامە، بەڵام وەك پێویست نییە، چونكە داوا دەكەن پێشمەرگە پارێزگاری لە ئەوان بكەن، نەك هێزەكانی دیكە كە لە هەندێك شوێن، هەندێك هێزی نایاسایی هەن و داوا دەكەین ئەو هێزانە لەو ناوچانە نەمێنن، هەروەها لەو چەند رۆژەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەین و داوا لە هەموو جیهان دەكەین تەنیا هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە بمێنێت و بەرگری لە ئێمە بكات و ئەوانی دیكە بچنە دەرەوەی سنوورەكەمان".
ڕابین شێروانی




