د.محەمەد عەلی: پێگەی دیپلۆماسیی هەرێم روو لە هەڵکشانە
__2017_01_15_h17m55s6__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (د.محەمەد عەلی) دەڵێ، پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشانەوە و هەرێم بۆ جیهان بووەتە ناوەندێکی گرینگی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا.
(د.محەمەد عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، شاندێکی زۆری وڵاتان لە ساڵی رابردوو و ئەمساڵیشدا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئەمەش واتایەکی گرینگ دەدات کە پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا روو لە هەڵکشانە و جیهان، هەرێم بە ناوەندێکی گرینگی دیپلۆماسی بۆ ناوچەکە هەژمار دەکات.
ئاماژەیشی دا، سەردانی سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی تورکیا و چەندین شاندی باڵای دیپلۆماتی دیکەی وڵاتان و چوونیان بۆ بەسەرکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە نیشانەیەکی دیکەی گرینگە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرینگی بڕیاردانیش بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە بەردەوام جێگەی بایەخی وڵاتانی جیهان بووە و گرینگی زۆر بە سیاسەتی هەرێم دراوە هەروەک (د.محەمەد عەلی) دەڵێ، ساڵ دوای ساڵ پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشانەوە و نمونە بە سەرکەوتنی پێشمەرگە دەهێنێتەوە کە بەهۆی پێشمەرگەوە توانرا پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەستپێبکرێ، چونکە پێشمەرگە لە هەموو لایەک دەوری داعشی دا و تێکی شکاندن، بۆیە جیهان بە چاوێکی زۆر گەورەیش لە پێشمەرگە دەڕوانێ، ئەوەتا شاندەکان کە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ تێڕوانینان لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا سەنگەری پێشمەرگە بەسەر دەکەنەوە و ئەمەش واتایەکی روونی هەیە کە بەڵی ئێستا جیهان بە چاوی خۆی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەسەر تیرۆر دەبینێ.
روونیشی کردەوە، لە داهاتوودا شاندی وڵاتانی دیکەی جیهان روو دەکەنە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ئاستی گەورە راوێژکارانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەش هەڵبەت پەیامێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە بۆ جیهان کە ساڵ دوای ساڵ پێوەندی هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشانە.
کارزان سەباح




