عەلی عەونی: جۆری گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا دەگۆڕین؛ پرسی سەربەخۆیی رێگاچارەیە

هەولێر -KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (عەلی عەونی) رایگەیاند، لەمەودوا جۆری گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا گۆڕنکاری بەسەردا دێت و پرسی سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ بەغدادا دهخرێته بهر باسهوه.
(عەلی عەونی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بڕیارە کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێکبهێنرێت و جۆری گفتوگۆکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە جاری پێشوو لە سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ بەغدا و سەردانی کاک (نێچیرڤان)یش باسی سەربەخۆییی کوردستان کراوە؛ بۆیە لەمەودوای گفتوگۆکانی بەغدا و هەولێر بە ئاراستەی سەربەخۆییی کوردستان دەبێت، چونکە دیارە ئەو عەقلیەتی لە بەغدا هەیە نایەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوێت، جیالەوەش عەقڵیەتێک هەیە لە بەغدا دەیەوێت بودجە و قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت.''
گوتیشی، باشترین بژاردە بۆ ئێستای کوردستان ئەوەیە کە جۆری گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا گۆڕنکاری بەسەردا بێت، لە پرسی مووچە و بودجەوە باسی سەربەخۆییی کوردستان بکرێت.
ئاماژەیشی دا: "سەربەخۆییی کوردستان مافێکی رەوا و دەستووریی خۆمانە دوای ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆمان کرد، دواتر بە ویستی گەلی کوردستان میکانزمێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان دادەنین، جا ڕیفراندۆم بێت یان هەر میکانزمێکی دیکە؛ بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان لە عەقڵیەتی بەغدا تێبگەن بە تایەبت دوای قسەکانی دوێنێ شەوی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق كە راشکاوانە باسی لەوە کرد ئەوان پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن، بۆیە دەبێت لەمەودوا بە تەواوەتی بیر لە داهاتووی خۆمان بکەینەوە و ناکرێ تاسەر بەمشێوەیە لە بەغدا قەبووڵ بکەین.''
کارزان سەباح




