د. ئاراس: یەكێك لە راسپاردەكانی سەرۆك بارزانی، پێداچوونەوەیە بە سیستمی مووچەدا

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی سەنتەری توێژینەوە و ستراتیژیی ئابووریی كوردستان پێی وایە، تا مانگی ئاداری داهاتوو داهاتێكی باش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە لەوەی حكوومەت قەرزێكی زۆری دەداتەوە و كۆتایی بە قەرزی كۆمپانیاكان دێت. دەشڵێ، سیستمی مووچە گونجاو نییە و یەكێك لە راسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی) لە دوای كۆبوونەوەكە، ئەوە بووە كە پێداچوونەوە لە سیستەمی مووچەدا بكرێت.
دكتۆر( ئاراس خۆشناو)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای بڕینی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بۆ ماوەیەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە بە شێوەی سەربەخۆ وەرگرت، مووچەی فەرمانبەران هەر دابەش دەكرا، بەوەیش حكوومەت قەرزی لە كۆمپانیاكانی نەوت كردبوو و قەرزێكی زۆر كەوتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا مانگانە ئەو قەرزە دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكان ئەویش بە دوو شێوەیە، یەكەمیان قەرزی پێشتر، دووەمیان حەقدەستی كۆمپانیاكانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكەم تا مانگی ئاداری داهاتوو ئەگەر قەرزی كۆمپانیاكان كۆتایی نەیەت، ئەوە بێگومان زۆر كەم دەبێتەوە، بەوەیش داهاتی حكوومەتی هەرێم زۆر زیاد دەكات".
سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژیی ئابووریی كوردستان ئەوەیشی خستە ڕوو: "سیستمی مووچە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، سیستمێكی هەڵەیە و لە سەردەمی (برێمەر) دانراوە و دواتر لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا پەسەند كراوە لەبەر ئەوەش دەستكاریكردنی رەنگە زەحمەت بێت، بەڵام پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت و سیستمێكی پێشكەوتوو و باشتر پەیڕەو بكرێت، یەكێك لە راسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی)ـیش لە دوای كۆبوونەوەی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی ئەوەیە، گۆڕانكاری لە سیستمی مووچەدا بكرێت و حكوومەتی راسپاردووە بۆ ئەم مەبەستە".
(خۆشناو) گوتیشی: "پڕۆسەی بایۆمەتری تا مانگی ئاداری داهاتوو كۆتایی دێت و ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەك سوودمەند بوونە، مووچەكانیان دەبڕدێت و بەو هۆیەوە داهاتێكی زۆر بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، چونكە هەر فەرمانبەرێك مووچەیەكی دەبێت و دوو مووچە نامێنێ، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت كە یاسا رێگەی پێ داون وەك خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان".
قائید میرۆ




