٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبادی بۆ پرسیاره‌كانی شاخەوان عەبدوڵڵا وه‌ڵامی چی بوو

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لە پەكەكە كردووە كە عێراق چۆڵ بكەن، لەبەر ئەوەی پێویستیان بە ئەوان نەماوە.

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بووینەوە، ئەویش وەزیری بەرگری و ناوخۆ و بەرپرسی حەشدی شەعبیی بانگ كردبوو و دەیزانی ئێمە رەخنەمان هەیە لەبەر ئەوەی كۆبوونەوەكە لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە بوو، لە كۆبوونەوەكەدا باسی توركیا و پەكەكەیش كرا و دواتر ئێمە كۆمەڵێك پرسیارمان كرد و باسی حەویجەمان لەگەڵی كرد و ئەویش باسی لەوە كرد كە پارێزگار رێگرە لەوەی حەویجە رزگار بكرێت، چونكە ناتوانێ هەموو هێزە سەربازییەكان كۆ بكاتەوە".

(عەبدوڵا) گوتیشی: "من پرسیاری ئەوەم لێ كرد كە ١١مانگ پێش ئێستا سێ پرسیارم لێت كرد و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە، لەوانە بۆ حەویجە رزگار ناكرێت و لەبەر چی پارەی پێشمەرگە نادرێت و لە دەزگا ئەمنیەكان پێشتر سوپاسالار و بریكاری وەزیری ناوخۆ هیی كورد بوون، ئێستا ئەوانیشت لە كورد وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەو باسی لەوە كرد كە پارێزگار رێگرە لەوەی حەویجە رزگار بكرێت، بۆ پارەی پێشمەرگەیش باسی لەوە كرد، ئێوە نەوتی خۆتان هەیە بیفرۆشن و مووچەی پێشمەرگەی پێ دابین بكەن، بۆیە ئامادە نییە بەشەبوودجەی پێشمەرگە رەوانە بكات، جگە لەوەش منەتی ئەوەی بەسەر كورددا دەكرد كە دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن  و بۆ پشكی كورد لە پۆستە ئەمنییەكان ئامادە نەبوو وەڵام بداتەوە و تەنیا گوتی وازی لێ بێنە".

دەشڵێت، سەبارەت بە پەكەكە، سەرۆكوەزیران باسی لەوە كرد كە، "داوامان كردووە شنگال چۆڵ بكەن و ئەوانیش وەڵامیان بۆ داواكاریی ئێمە هەبووە كە وەڵامێكی باش بووە، لەبەر ئەوەی سەردەمێك هاوكاریی ئێمەیان كردووە و ئێستا پێویستمان بە ئەوان نەماوە و پێویستە چۆڵی بكەن".

 

بڵند ئیبراهیم_ نه‌شوان به‌رزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار