پەكەكە بەرپرسێكی پێشمەرگەی دەستگیر كرد.. فەرماندەیەكی پێشمەرگە هۆشداری دەدات

هەولێر-KDP.info- چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە بازگەیەكی سەر بە قەزای رواندز بەرپرسێكی پێشمەرگە بە هۆكاری نەزاندراو دەستگیر دەكەن و، فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش هۆشداریی ئەوە دەدات ئەگەر ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپرسەكەی پێشمەرگە ئازاد نەكرێت، هەڵوێستیان دەبێت.
(بەهرام عەریف یاسین)، فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوێنێ بەیانییەوە (عەلی وسوو) بەرپرسی راگەیاندنی لیوای حەوتی پیادەی سۆران لەلایەن پەكەكەوە دەستگیر كراوە، دەستگیركردنەكەیش لەو كاتەدا بووە، كە (عەلی وسوو) لە بازگەی گوزینەی سەر بە شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە راگیراوە و دواتر دەستگیر كراوە".
لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە، لیوا (بەهرام) گوتی: "هۆكاری دەستگیركردنی (عەلی وسوو) لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە نازانین، بەڵام پەیوەندیمان بە بەرپرسانی پەكەكەوە كردووە و ئامادە نین ئازادی بكەن".
ئاماژەی بەوەیش كرد: "ئەگەر پەكەكە ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپرسی راگەیاندنی لیوای حەوت ئازاد نەكەن، ئەوە بێگومان هەڵویستمان دەبێت و بێدەنگ نابین لەو كردارەی پارتی كرێكارانی كوردستان".
لە لایەكی دیكەوە، قایمقامی قەزای سۆران (كرمانج عێززەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسە لە دەستی چەكدارانی پەكەكە ئازاد بكرێت.
قائید میرۆ - بڵند ئیبراهیم




