پێشمەرگەى ئەیلوول و دێرینەكان، سەردانی سەرۆك بارزانی دهكهن.. داواكارن لەگەڵ وەزارەت مووچەیان پێ بدرێت

هەولێر-KDPinfo- بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول ڕایگەیاند، بڕیارە وەك نوێنەری پێشمەرگەكانی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان، ژمارەیەك داواكاری لەگەڵ لیستی ناوی پێشمەرگەكان ئامادە بكەن و سەردانی (سەرۆك بارزانی) بكەن بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان بگەیێنە سەرۆكی هەرێمی كوردستان. دەشڵێ، دەمانەوێ پێشمەرگەی خانەنشین لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان پێ بدرێت.
(قادر قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش چەند مانگێك وەك دەزگای باڵای ئەیلوولی پێشمەرگە دێرینەكان سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـمان كرد، لەو سەردانەدا داواكاریی پێشمەرگەكانی ئەیلوول و خانەنشینمان گەیاندە (سەرۆك بارزانی) و بەڵێنی دا پاكسازی بكرێت لە لیستی پێشمەرگەی خانەنشین و دواتر كێشەكە چارە دەكات و دەیانخاتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی پێشمەرگەی خانەنشین مانگانە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێت، لەبەر ئەوەیش هەر دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، دەستمان كرد بەوەی لیستەكان ئامادە بكەین".
بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول دەڵێت: "ئێمە وەك دەزگای ئەیلوول كارەكانمان كۆتایی هاتووە و تەنیا لیستی پێشمەرگەكانی گوڵان ماوە لەگەڵ دەزگای پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی، ئەوانیش خەریكە تەواوی دەكەن و دواتر دەیكەینە یەك لیست بۆ ئەوەی پێكەوە داواكارییەكانمان بدەینە (سەرۆك بارزانی)".
(قادر قادر) دهشڵێت، بڕیارە جارێكی دیكە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بكەین و كۆمەڵێك داواكاریمان هەیە بۆ ئەوەی بیخەینە بەردەمیان، لەوانە لیستی پێشمەرگەی ئەیلوول و دێرینەكان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و مانگانە مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێت، پێشمەرگەكانی ئەیلوول مووچەی خێزان و منداڵیان بۆ ببەسترێت و زەوی بەسەر ئەو پێشمەرگانەدا دابەش بكرێت كە تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، هەروەها خزمەتیان بۆ هەژمار بكرێت و ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتییان بە خەسار نەچێت".
قائید میرۆ




