٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعدی پیرە: بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتی زۆر گرفت چارەسه‌ر دەبن.. ئیرادە هەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ئاماژە بەوە دەكات، لەم قۆناغەی كوردستاندا گرینگە پارتی و یەكێتیی پێكەوە بە هاوبەشی كاروانی خەباتی كوردایەتی بەرەو پێشەوە ببەن. دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكاندا ئیرادەی چارەكردنی گرفتەكان هەیە.

لەبارەی گەشبینیی لایەنەكان لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی، (سەعیدی ئەحمەد پیرە)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رابردوودا پارتی و یەكێتیی زۆر هەوراز و نشێویان بینیوە، بەڵام بە گیانفیدایی و زیانێكی زۆر و زەحمەتێكی زۆر توانییان ئەم كاروانی خەباتە بگەیەننە ئێستا و قوربانیی زۆریشیان داوە".

(پیرە) گوتیشی: "ئێستا هەندێك تەنگژە هاتوونەتە پێش لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەروەها شەڕی دژی داعش لە ئارادایە كە ئێستا لە قۆناغی كۆتاییداین لەم شەڕە، ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی لێرەن بۆ پشتیوانیی كورد هاوكاری دەكەن، ئەگەر پێداچوونەوە بە نەخشەی سیاسیدا بكەین، گۆڕانكاریی گەورە و بنەڕەتی ڕوو دەدات، لێرەدا كورد بە یەكڕیزی و تەبایی، دەتوانێت دەستكەوتی گەورەی هەبێت، كوردێكی پارچە پارچە دەسكەوتی نابێت، بۆیە پارتی و یەكێتیی دەبێت ئەم قۆناغە بپارێزن و تەبایی دروست بكەن كە لە كۆبوونەوەكاندا جەختی لەسەر كراوەتەوە و باسمان لە گۆڕانكاریی داهاتووی ناوچەكە كردووە".

ئه‌و ئەندامه‌ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دەشڵێت: "پارتی و یەكێتیی بەرپرسیارەتییەكی مێژووییان لەسەر شانە و دەبێت بە ڕوونی لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەین، ئەو رەخنە و گازندەی ئێستا هەیە لە هەردوو حزب، لە ئەنجامی نەبوونی هاوسەنگی و زەوتكردنی مافی لایەنەكانی دیكە و پرسی دەسەڵاتە. یان ئەو تۆمەتانە لەسەر پرسی گەندەڵی، ناڕێكی لە داهات و كاری حكوومەت هەیە، لەسەر ئەوەیش قسەمان كردووە، ئێمە بۆ رابردووی خۆمان ناشرین بكەین، با لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و كەمتەرخەمەكان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ئەوانەی بوختانیش دەكەن سزا بدرێن. باسی ئەوەیشمان كرد كە ئەم وڵاتە یەك هەرێمە و ناكرێت جۆرەها سیاسەتی هەبێت، لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەریەكیان بە نەوعێك مامەڵە بكەن، هەرێمی كوردستان دەبێت یەك بەرنامە و چوارچێوەی سیاسی هەبێت، لەو چوارچێوەیەدا بەرنامەی ناوخۆ و هەڵوێستمان دەبێت".

(سەعیدی ئەحمەد پیرە)، زیاتر گوتی: "ئیرادەی رێككەوتن هەیە، كە ئیرادە هەبوو، ئالییەت خۆی دروست دەبێت، بۆیە پارتی و یەكێتیی ئیرادەیان لەو بارەیەوە هەیە".

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا (پیره‌) ئەوەیشی خستە روو: "پارتی و یەكێتیی شەرعیەتی خەڵكیان بەدەست هێناوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كراوە و دەبێت حكوومەت ببێتە بنچینە بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگای كوردستان، بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتییش زۆر گرفت لە كوردستان چارە دەبن كە هەردوولامان گەشبینین بە چارەكردنی گرفتەكان".

 

كارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار