بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە گەندەڵی، دەستەڵاتی پشكنەران لە وەزیرەكان وەردەگیرێتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی دەستەڵاتی پشكنەریی وەزارەتەكان لە وەزیرەكان وەربگیرێتەوە و بدرێتە پەرلەمان یاخود سەرۆكایەتیی حكوومەت، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە پشكنەران دەستەڵاتی زیاتریان هەبێت بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی.
(ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی دەستپاكی لەگەڵ هەشت پشكنەری وەزارەتەكان كۆ بوویەوە و رێك كەوتین كە یاسای پشكنەرانی گشتی گۆڕانكاری تێدا بكرێت، چونكە ئەوان وەكو دەستەی دەستپاكی لە وەزارەتەكان كار دەكەن، بەڵام لە ژێر دەستەڵاتی وەزیرەكاندان، بۆیە بەپێی گۆڕانكارییەكان دەبنە سەر بە لیژنەی دەستپاكی یاخود ئەنجوومەنی وەزیران.".
(نوورەدین) گوتیشی، مەبەست لەو گۆرانكارییەیش ئەوەیە كە، یاسای ژمارە ٥٧ كاری ئەوان رێك دەخات كە لە سەردەمی (برێمەر) دەرچووە، بۆیە دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو كاتە پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت و دەستەڵاتی زیاتر بدرێتە پشكنەرەكان و لە ژێر دەستەڵاتی وەزیرەكان دەربهێندرێن، لەبەر ئەوەی هەر بڕیارێك یاخود كۆبوونەوەیەك لەبارەی گرێبەستەكانی وەزارەتەكان دەكرێت، پێویستی بە رەزامەندیی وەزیرەكان هەیە، بۆئەوەی دۆسیەكان رەوانەی دەستەی دەستپاكی بكرێن، بەڵام بەپێی ئەو گۆڕانكارییە، دەتوانن راستەوخۆ كاری خۆیان بكەن".
(ئەردەلان نوورەدین)، ڕوونیشی كردەوە، لەسەر پڕۆژەیاساكە رێك كەوتوون و بڕیارە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پڕۆژەكە بنووسرێتەوە و دواتر ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كار و خوێندنەوەی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت.
ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی دهشڵێت، ناكرێت پشكنەرەكان لە ژێر دەستەڵاتی وەزیرەكاندابن، لەبەر ئەوەی وەزیرەكان نایانەوێت رێژەیەكی زۆری دۆسیەی گەندەڵی لە وەزارەتەكانیان رەوانەی دەستەی دەستپاكی بكرێن و بدرێنە دادگا، بۆیە ئەمە كارێكی هەڵەیە پشكنەران لە ژێر دەستی وەزیرەكاندا بن.
بڵند ئیبرهیم




