٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٣٠ گیراوی ئەنەكەسە بێسەروشوێنن.. سێیان ئەندامی سەركردایەتین

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا "ئەنەكەسە" له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، پەیەدە بەردەوامە لە سیاسەتی راوەدوونان و گرتن و ئەشكەنجەدانی چالاكوانانی سیاسی لە ڕۆژئاوای كوردستان و، ئەمەریكایش بەڵێنی بەدواداچوونی داوە.

(خالید عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا ٣٠ گیراوی ئەنەكەسە لە گرتووخانەكانی پەیەدەن و چارەنووسیان نادیارە، یەكێك لەوانە مامۆستا (محەممەد ئیسماعیل)ـە، كە ئەندامی سەركردایەتیی "پەدەكەسە"ـیە و دووانی دیكەیش ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتیمانین، كە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە".

(عەلی) گوتیشی: "پەیەدە دەستی داوەتە ئەنشكەنجەدان و ئازاردانی چالاكوانانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەشێكیان تا ئێستا سۆراغیان نازانین، ئەمە لە كاتێكدا لە قامشلۆ هەڵمەتێكی رەشبگیری بۆ ئەندامانی ئەنەكەسە دەستی پێ كردووە و تۆمەتی جیاوازیان بۆ دروست دەكرێت، ئەمەریكایش لەوە ئاگادار كراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە تەنیا بەڵێنیان داوە و تا ئێستاش ئاگاداریان نەكردووینەتەوە ئەو كەیسانە چییان لێ هاتووە".

ئەوەیشی خستە روو، پەیەدە هێزی چەكداریی خۆی خستووەتە خزمەتی كاری حزبییەوە و بۆ سەركەوتكردنی حزبە سیاسییەكانی دیكە بەكاری دەهێنێت.

 

كارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار