ڕەنگە تا حەفتەیەكی دیكە لای چەپی مووسڵ بە تەواوی رزگار بكرێ

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، پێشبینی دەكرێ تا حەفتەیەكی دیكە لای چەپی مووسڵ بە تەواوەتی رزگار بكرێ.
(شێخ محێدین مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوەیدان و لە ئێستادا پردی چوارەم و پردی حوڕییەیشیان رزگار كردووە كە لە نزیك بارەگای لقی ئێمە بوو، لە لایەكی دیكەوە گەڕەكی عەرەبییە و مەجموعە تا دەگاتە رەشیدییە ماوە، هەڵبەت داعشان لە لای چەی مووسڵدا لە ناوچەی رەشیدییە ماون و ئەوانی دیكەیش چوونەتە لای راستی مووسڵ".
(مزووری) گوتیشی: "لە كۆی ٥٨ گەڕەكی لای چەپی مووسڵدا تەنیا شەش ناوچە ماون رزگار بكرێن، ئەوانیش هەریەك لە ناوچەكانی جەزائیر، سوك نەبی، گەڕەكی عەرەبی، گەڕەكی رۆشنبیری، گەڕەكی رەشیدییە و چەند گوندێكی دیكەن كە لە دیوی قەزای تلكێفدان، بۆیە رەنگە تا حەفتەیەكی دیكە لای چەپی شاری مووسڵ بە تەواوەتی رزگار بكرێت، رەنگە حەفتەیەك هێزە عێراقییەكان پشوو بدەن و دواتریش هێرش بۆسەر لای راستی مووسڵ دەست پێبكەن.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی چواردە دهشڵیت، شەڕی سەخت پێدەچێ بكەوێتە لای راستی مووسڵ، چونكە قورسایی داعش لەوێدایە، هەڵبەت داعش رێگەی تەلەعفەر و رێگای تریشی لێ گیراوە و رێگای ئۆتۆمبێلیش نییە بچێتە هەموو شێوێنێكەوە و ئەوەی ماوە داعش خۆی لەوێدا حەشار داوە.
بڵند ئیبراهیم




