یەکەمین بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە کوردستان کرایەوە

هەولێر-KDP.info- (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ بازاڕى کار و گۆڕانکارییەکانى جیهان بگونجێنن. گوتیشی، کردنەوەى بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل و خوێندنى لایەنى تەکنیکى ئۆتۆمبێل دەستکەوتێکى گرینگە بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان.
ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکى هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١١/١/٢٠١٧، لە مەراسیمى کردنەوەى بەشى (تەکنیکى ئۆتۆمبێل) لە پەیمانگەى تەکنەلۆجىی هەولێر پێشکەشى کرد.
لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکوومى و تایبەتەکان و پارێزگارى هەولێر و، نوێنەرى باڵێوزخانەى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان و، ڕێکخراوى ئایرێکس و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران چەند وتەیەک پێشکەش کرا.
(د.کاوە شێروانى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە وتەیەکدا، بەبایەخەوە باسى لە بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە زانکۆکەیان کرد و گوتى، ئەم بەشە لەسەر ئاستى کوردستان بۆ یەکەمین جارە دەکرێتەوە، گوتیشى، لە کردنەوەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسڵگەرى ئەمریکا و، ڕێکخراوى ئایرێکس و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانى بوارى ئۆتۆمبێل هاریکار بوون، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرجەم ئەو لایەنانەى کرد.
هاوکات (د.یوسف گۆران) گوتى: "ئێمە لە وەزارەت خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە دەکەین، هەروەک دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى جیهان بگونجێنن و، کارامەیى پێشکەش بە خوێندکاران بکەن و، خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانى داهاتو ئامادە بکەن."
سەبارەت بەگرنگى کردنەوەى بەشى (تەکنیکى ئۆتۆمبێل) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: "تەکنەلۆژیاى ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکى خێرا لە گەشەى بەردەوامدایە، ئەوانەى ئەمڕۆ لە بازاڕى کارى کوردستاندا کار دەکەن، ناتوانن لەگەڵ ئەو گەشەکردنە بەردەوامەدا بن، بۆیە کردنەوەى بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل و خوێندنى لایەنى تەکنیکى ئۆتۆمبێل دەستکەوتێکى گرینگە بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەم بەشەش دەبێتە بنەمایەکى گرینگ بۆ دروستکردنى توێژێکى کارا، کە ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنى بارى ئابووریى هەرێمى کوردستان و، ڕێگر دەبێت لە بەهەدەردان و چوونە دەرەوەى سامانى میللەتەکەمان بۆ دەرەوەى وڵات."
(د.یوسف گۆران) ڕاشیگەیاند، کردنەوەى ئەم بەشە هاریکار دەبێت بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ گەنجانى وڵات، چونکە وەک ئەوەى لە دنیا هەیە حکوومەتەکان بەرەو بچووکبوونەوە دەچن، چونکە بوارەکان ئەوەندە زۆر بوون، حکوومەتەکانى دنیا ناتوانن بپڕژێنە سەر هەموو بوارەکان، لەبەرئەوە ئێستا کەرتى تایبەت ڕۆڵى کارا لە بەڕێوەبردنى وڵاتانى دنیا دەبینن، هیچ سیستمێکى حکومڕانى ناتوانێ سەرجەم خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە هاووڵاتییەکانى بکات، لەو چوارچێوەیەشدا حکوومەتى هەرێمى کوردستان بایەخ بەوە دەدات کە زیاتر کۆمەڵگە پشت بەخۆى و کەرتى تایبەت ببەستێت و، لە ڕێگەى کەرتى تایبەتەوە دەرفەتى کار بۆ گەنجان بڕخسێ، ئەوەش تەنها ڕەهەندێکى ئابورى نیە، بەڵکو ڕەهەندێکى سیاسیشى هەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک پشتى بەئابورى کۆمەڵگەو هاوڵاتیانى خۆى بەست ئەوە دیموکراسى زیاتر تێدا بەرقەرار دەبێت و سەقامگیریشى زیاتر دەبێت و، دەبێتە خاوەن ئابورییەکى پتەویش."




