ئەنجوومەنهكانی كوردستان بە یەك تیم كار بۆ پڕۆژەیەك دەكەن.. لە قازانجی هاونیشتمانیانە

هەولێر-KDP.info- دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ پارێزگای سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، بە یەك تیم كۆ بوونەوە بە مەبەستی تاوتووكردنی ئەو پڕۆژەیەی بۆ مووچەخۆران دایان ناوە كە (رسومات و باج و پێشینەكان) لەو پارەیەی لای حكوومەت پاشەكەوت كراوە، بدرێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەیەكی لە قازانجی هاونیشتیمانیان ئامادە كردووە و دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ پارێزگای سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەیش، پڕۆژەكەیان پێ پەسەند بووە، هەر بۆیە ئەمڕۆ (١٠-١-٢٠١٧) دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ بوونەوە بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر مووچەخۆران، لە پڕۆژەكەیشدا پێشنیازیان كردووە، فەرمانبەران لە پارە پاشكەوتكراوەكەیان كە لای حكوومەتە (باج، رسومات و پێشینەكان) و هەر قەرزێكی دیكەیان ئەگەر هەبێت، لەم پارەی پاشەكەوتە بدرێتەوە.
لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا، (عەلی ڕەشید) سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەكەمان بۆ ئەوەیە وێكڕا و لە پێناو هاووڵاتیانی كوردستاندا كار بكەین. وەك بریتی پەرلەمان كار ناكەین، بەڵام وەك خەمخۆریمان بۆ خەڵكی كۆ بووینەتەوە، هەوڵەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیش بە هەنگاوێكی گرینگ دەبینین".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (ئازاد محەممەدئەمین)، رایگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگای هەڵەبجە، لە هەولێر كۆ بووینەوە، پڕۆژەیەك كە پێشتر هەولێر پێشكەشی كردووە، ئێمە پشتیوانیی خۆمان نیشان داوە و ئێستایش دەمانەوێ دەوڵەمەندتری بكەین و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین هاوكارمان بێ و ڕێكاری خۆی بۆ جێبەجێكردنی بگرێتەوە بەر".
گوتیشی: "هەماهەنگیی ئێمەیش بەردەوام دەبێ و، مەبەستمانە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێم بكەین و كەمێك لە سەختیی گوزەرانیان كەم بكەینەوە".
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت گوتی: "ئەو پڕۆژەیەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئامادەی كردووە، لە بارەیەوە كۆ بووینەوە، بە هیواین دواجار بتوانین كارێك بكەین كەمێك لە باری گرانی مووچەخۆران كەم بكەینەوە، بە هیواین پڕۆژەكەی ئێمە كە دواجار بڕیاری لەبارەوە دەدرێ، حكوومەت جێبەجێی بكات".
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، كە ئەم بیرۆكەیەی لە چوارچێوەی پڕۆژەبڕیارێكی (١٠)خاڵیی پەسندكراودا ئامادە كردوە، پرۆژەكەیان لە خزمەت فەرمانبەراندایە و نوێنەرێكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوو.
فایزە كۆیی




