شاندێكی باڵای رێكخراوی جیهانی بۆ ناساندنی جینۆساید، لە هەولێر كۆنفڕانسێك ئەنجام دەدات

باشیك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم رایدەگەیێنێت، رێكخراوێكی باڵای جیهانی بۆ ناساندنی جینۆساید، بە چوار پسپۆڕەوە لە هەرێمی كوردستانن و لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆنفڕانسێك لە شاری هەولێر لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش ئەنجام دەدەن.
(حوسێن قاسم حەسوون)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند رۆژێكە رێكخراوێكی باڵای تایبەت بە جینۆساید كە لە چوار پسپۆڕی تایبەتی نێودەوڵەتیی وڵاتانی ئەمەریكا، ئەرجەنتین و بەلجیكا پێك هاتوون، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و، ماوەی 10 رۆژیش دەمێننەوە".
(حەسوون) ڕاشیگەیاند: "لە سەردانەكەیشیاندا ئەو شاندە سەردانی پارێزگای دهۆكیان كرد و لە نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ژێردەستی داعش لە نزیكەوە چەندین چیرۆكی ژیانی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعشیان وەرگرت و، ئەمڕۆیش سەردانی باشیك دەكەن بۆ وەرگرتنی بەڵگەكان لەسەر برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تر، دوای تەواوكردنی سەرجەم كارەكانیان و كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە كوردانی ئێزدی و مەسیحی و پێكهاتەكانی تر، بڕیارە هەموو دۆكیۆمێنتەكان بگەیێننە دادگای نێودەوڵەتیی لاهای و وڵاتان".
دەشڵێت: "رۆڵی ئەم شاندە زۆر گەورەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و یاسای دەولی و یاسایی و جینۆساید و، پەیوەندییشیان زۆر بەهێزە لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی وڵاتانی جیهان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە سەردانی ئەم شاندە نێودەوڵەتییە كاری یاسایی ئێمەیزۆر دەوڵەمەندتر كرد و بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەلەفی جینۆسایدیش گرینگن، وەك بینیشمان زۆر ڕەخنەیان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە یاساییەكان و دادگای نێودەوڵەتی گرت بەوەی بە ئەركەكانی خۆیان هەڵنەستاون دەربارەی ئەو تاوانانەی كە داعش بەرامبەر پێكهاتە ئایینی و كەمینەكان ئەنجامی داوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانی جینۆساید زیاتر گوتی: "لە رۆژانی 13 و 14ـی ئەم مانگەدا لە شاری هەولێر شاندەكە كۆنفڕانسێك ئەنجام دەدەن و، تێیدا باس لە بەسەرهات و ناخۆشییەكانی ئێمە دەكەن و ئامانجەكەیشیان ئەوەیە، چۆن رێگایەكی ئاسان بدۆزنەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانباران و تاوانەكەیش بە جینۆساید بێتە ناساندن و، هەروەها داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكەن ئەو خەڵكە جارێكی تر تووشی ئەم جینۆسایدە نەبێتەوە".
نەشوان بەرزنجی




