غەفوور مەخمووری: پێگەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر بەهێز بووە؛ پێویستە لایەنەکان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن

هەولێر -KDP.info-سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (غەفوور مەخمووری) دەڵێ، هەرێمی کوردستان ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کێشەکانیان وەلابنێن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان رەخساوە.
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (غەفوور مەخمووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ئەمڕۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و وڵاتانیش زۆر بە بایەخەوە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئێستا کە شاندی وڵاتانی دنیا دێنە هەرێمی کوردستان و شێوازی مامەڵەکردنیان گرینگی هەرێم زیاتر دەردەخەن، چونکە لەوە گەیشتوون کە هەرێم ئیدی بووەتە دیفاکتۆ و پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ و ئەوەیش ددانپێدانانە بە هەرێمی کوردستان.''
دەشڵێ، ئێستا کاتی ئەوەیە کە پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بیرلەوەبکەنەوە کە کێشەکا وەلابنێن، چونکە دەبینن کە پێگەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر بەهێزە بۆیە دەبێ سوود لەو پێشهاتانە وەربگیرێ و لە گۆڕانکارییەکاندا سوودمەند بین.
(غەفوور مەخمووری) ئاماژەیشی دا، ''گرینگە کە ئەنجوومەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکرێ و هەموولایەنەکان تێیدا بەشدار بن و کارنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ قۆناغی داهاتوو دابنرێ، چونکە ئێستا لە ڕووی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا دەرفەتێکی زۆربا بۆ هەرێمی کوردستان رەخساوە، ئیدی پێویستە بەرژەوەندیی کەس و حیزبی وەلابنرێ و رەچاوی بەرژەوەندیی نیشتمانی بکرێ.''
بڵند ئیبراھیم




