كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، لە خوێندنی باڵا وەردەگیرێن

هەولێر-KDP.info- لە بەرانبەر خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی و زیندانیانی سیاسی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری وەرگرتنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی و زیندانیای سیاسی دا.
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوی ژمارە (٣٨٣) كە ئیمزای (د. یووسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی سەرجەم زانكۆكانی كردووە، بڕیاری دا بە وەرگرتنی سەرجەم كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و زیندانیانی سیاسی كە تەواوی مەرجەكانیان هەیە و، كورسییان بۆ نەماوەتەوە بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتوە: "ئەو كاندیدانەی كە كەسوكاری پلە یەكی شەهیدە یان ئەنفالكراوە یاخود زیندانی سیاسییە و داوایان بۆ خوێندنی ماستەر یان دكتۆرا لە زانكۆكان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) پێشكەش كردووە و، لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوونە، بەڵام بە هۆی نەمانی كورسیی خوێندن وەرنەگیراون، دوای ئەوەی نووسراوی پشتگیری لە دیوانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بە ئیمزای خودی وەزیر دەهێنن بۆ زانكۆكان، كورسییان بۆ تەرخان دەكرێت و وەك خوێندكاری خوێندنی باڵا وەردەگیرێن".




