٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێرەڤان بەرواری: لیژنەی ئابووریی هەرێم و تورکیا لە بەرژەوەندیی هەردوولایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە بە پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات و دەڵێ، لیژنەكە سوودی بۆهەردوو وڵات دەبێت. چونكە وەک ئەو دەڵی، توركیا وڵاتێكی دەستوورییە و ناتوانێ بە شێوەی راستەوخۆ هاوكاریی وڵاتێكی دیكە بكات ئەگەر رێككەوتن و لیژنە لە نێوانیاندا نەبێت.

(زێرەڤان بەرواری) مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا زۆر گرینگە، چونكە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات بە سیستەم دەكرێت و قازانجی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی كەرتی ئابووریدا، زۆر كەس پێیان وا بوو باشتربوونی پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام پێكهێنانی لیژنەكە هەموو ئەو بۆچوونانەی رەت كردەوە و باشتربوونی پێوەندیی نێوان ئانكارا و بەغدا لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان نابێت".
(بەرواری) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "لیژنەی ئابووریی نێوان هەرێم و توركیا كە بڕیارە پێك بێت، لیژنەیەكی هاوبەش دەبێـت و هەردوو وڵات ئەندامیان دەبێت لەنێو لیژنەكەدا، پێشتر توركیا لیژنەی هاوشێوەی دروست كردووە لەگەڵ ئێران و سووریا و عێراقیش، چونكە ئەگەر لیژنە دروست نەكرێت، وڵاتی توركیا ناتوانێ وەك پێویست هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە توركیا وڵاتێكی دەستوورییە و بەپێی رێككەوتن و لیژنەی هاوبەش هاریكاریی وڵاتان دەكات، بە دروستكردنی لیژنەكەیش توركیا زۆرتر دەتوانێ هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات لە ڕووی ئابوورییەوە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار