٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر و تاران، جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانیان كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە (حەسەن سەفاڕی) یاریدەدەری دەزگای مانگی سووری ئێرانی و (موڕتەزا عیبادی) سەركۆنسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران  لە هەولێر، كرد.

لە دیدارێكدا باس لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییە دۆستایەتی و هاریكارییەكانی هەولێر و تاران كرا  و، تیشكیش خرایە سەر رووبەڕوونەوەی تیرۆر و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكان.

هەروەها ئاماژە بە پێویستیی برەودان بە پەیوەندییەكان كرا بۆ خزمەتی ستراتیژیی هەردوولا، پارێزگاری هەولێریش ستاییشی رۆڵی كۆنسووڵگەرێتیی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و هەوڵە دڵسۆزانەیان لە پێناو برەودان بە پەیوەندیی دۆستایەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و كارگێڕی و تەكنیكی.

 پارێزگاری هەولێر هەروەها ستایشی رۆڵی مانگی سووری ئێرانی كرد بۆ فریاگوزاریی ئاوارە و پەنابەران و ناردنی تیمی پزیشكی و فریاگوزاری، بە تایبەت بۆ پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری.

هەواڵی پەیوەندیدار