سبەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەبارەی پرسی مووچەوە كۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی گرینگ لەبارەی پڕۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمابنەراندا ئەنجام بدەن و، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێ: "پارێزگاكانی دیكەیش پشتگیریی پڕۆژەكەی ئێمە دەكەن و دەوڵەمەندتریش دەكرێت".
(سلێمان بارزانی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سبەی رۆژی سێشەممە، دەستەی سەرۆكایەتیی هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بەڕێوە ببەن، كۆبوونەوەكەیش لەبارەی پڕۆژە پێشنیازكراوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەر سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمابنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت، چونكە پڕۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دە خاڵ پێك هاتووە و تێدا پێشنیاز كراوە، مووچەی پاشەكەوت، بكرێت بە چەك و هاووڵاتیان بتوانن لەو چەكەوە پارەی خزمەتگوزاری و سزای ئۆتۆمبێل و قەرزی بچووك بگەڕێننەوە بۆ حكوومەت".
(سلێمان بارزانی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "پڕۆژەكە رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بەڵام لە كۆبوونەوەی سبەیدا ئەنجوومەنەكانی دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەیش بۆ پشتگیری و دەوڵەمەندكرنی، دانوستانی لەبارەوە دەكەن بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەی هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگای هەڵەبجەیش، چونكە راستە پڕۆژە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئامادە كراوە، بەڵام مووچەخورانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەگرێتەوە و پێویستی بە پشتگیریی ئەوانیشە".
قائید میرۆ




