٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئابووریناسێك: سیاسه‌تی نەوت سەركەوتوو بووه‌.. ڕه‌نگه‌ بگاتە 70 دۆلار

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئابووریناسێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەگەر هۆكارە نێودەوڵەتییەكان رێگر نەبوونایە، ئەوا هەرێمی كوردستان زیاتر سەركەوتوو دەبوو لە سیاسەتی فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت، دەشڵێ، پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بگاتە سەرووی 70 دۆلار ئەگەر هەندێ وڵات پابەندی رێككەوتنی ئوپێك بن.

(كاوە عەبدولعەزیز) ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوتدا سەركەوتوو بووە و نابێت هەرێم چاو ببڕێتە بەغدا تا مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان كە مافی دەستووری و یاسایی خەڵكی كوردستانە،  رەوانە نەكات، سەرەتای پڕۆسەی نەوت زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوە چوو و ژمارەیەك كۆمپانیای بیانیی بەنێوبانگ روویان لە هەرێمی كوردستان كرد تا وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتدا بكەن، بەڵام هۆكارە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكان بوونە ئەگەری ئەوەی ئاستەنگ بكەوێتە سەر رێگای نەوت لە هەرێمی كوردستان، ئەویش بە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەندێ هۆكاری دیكەی نێودەوڵەتی، ئەگەر هەموو ئەو هۆكارانە نەبوونایە، ئەوە بێگومان ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نەدەكەوتە قەیرانەوە".

ئەو مامۆستایە ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە هەرێمی كوردستان دەرهێنانی نەوت زۆر ئاسانترە لە وڵاتانی دیكەی جیهان، بۆیەیش كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت روویان لە هەڕێمی كوردستان كردووە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان 57 بلۆكی نەوتیمان هەیە و 22 بلۆك ئێستا بەردەستن تەنیا ماوە حكوومەت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان بكات و كاری تێدا بكەن، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بۆ نەوتی یەدەك بە پلەی هەشتەم دێت و پێش ئەمەریكا كەوتووین، چونكە لە هەرێمی كوردستان 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەك هەیە و ئەگەر بێت و لەو 22 بلۆكەی هەیە دەست بە دەرهێنان بكرێت و تەنیا لە 10 بلۆك نەوت بەرهەم بهێندرێت، ئەوە هەنگاوێكی زۆر دەچینە پێشەوە و داهاتی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت زیاد دەبێت".

(عەبدولعەزیز) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئەندام لە ئوپێك، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە تەنیا چەند وڵاتێك پابەندی رێككەوتنەكە بوونە و بەرهەمی خۆیان كەم كردووەتەوە، ئەمەیش كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر بازاڕ من پێشبنی دەكەم نەوت بگاتەوە سەرووی 60 دۆلار، ئەگەر وڵاتی ئێران و هەندێ وڵات كە ئەندام نین لە ئوپێك، بێنە نێو رێككەوتنەكەوە، ئەوا نرخی یەك بەرمیل نەوت دەگاتەوە سەرووی 70 دۆلار، بەڵام ئەستەمە بگاتەوە نرخی پێشووی خۆی".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار