سلێڤانەیی: ئەنجوومەنی نوێنەران لەم خولەدا نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیاسایەكی گرینگ پەسەند بكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئەنجوومەنی نوێنەران لەم خولەدا سەركەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیاسایەكی گرینگ پەسەند بكات.
(سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ وەكو پەرلەمانتارانی كورد بگەڕێینەوە بەغدا و پشووی زستانە كۆتایی پێ دێت و سبەی سەعات١١ـی پێشنیوەڕۆ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا كارنامەی كۆبوونەوە دیار نییە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "پەرلەمان لەم خولەدا سەركەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەی وا لە سێ ساڵ نزیك دەبینەوە لەم خولە تا ئێستا یەك پڕۆژەیاسای گرینگ پەسەند نەكراوە و پڕۆژەیاسا گرینگەكان وەكو خۆیان ماونەتەوە، لەوانە پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، پاسەوانی سنوور و دادگای فیدراڵی".
ڕوونیشی كردەوە، هەندێك یاسا پەسەند كراون كە هیچ پێویست نەبوون و سوودیشیان بۆ حكوومەت و گەلی عێراق نەبووە.
بڵند ئیبراهیم




