نێچیرڤان بارزانی و بینالی یڵدرم داكۆكییان لە فراوانبوونی پێوەندییەکانی هەولێر و ئانکارا کردەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی کوردستان و (بینالی یڵدرم) سەرۆکوەزیرانی تورکیا، داكۆكی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئانکارا کرایەوە و پێوەست بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پێوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا فراوانتر بكرێن و تەواوی ئەو بەربەستانەش لاببرێن كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم فراوانبوونی پێوەندییەكاندا.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 8-1-2017 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (بینالی یڵدرم) سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاروەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێك هاتبوو.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم تێیدا بەشدار بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیان لە بەردەوامیی ڕاوێژ و دیدار و كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان كۆماری توركیا و عێراقی فیدرال بەگشتی و توركیا و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، كردەوە.
شاندەكە هەروەها باسیان لەو پرسانەش كرد كە جێگەی بایەخی هەردوولان وەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئاسایشی هەردوولا، هەروەها بۆچوونی خۆیان دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و نیگەرانییەكانیان لەبارەی بوونی هێزێكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ناوچەی شەنگال، خستە ڕوو.
دەربارەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پێوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا فراوانتر بكرێن و تەواوی ئەو بەربەستانەش لاببرێن كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم فراوانبوونی پێوەندییەكاندا.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جیا لە بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندی یاوەری، ئاشكرای كرد كە سەردانەكە لە كاتێكی گونجاودا ئەنجام درا بەتایبەتی كە دوو وێستگەی بەغدا و هەولێری لەخۆ گرتبوو. سوپاسی توركیاشی كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبوو لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكانەوە.
هیواشی خواست پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر فراوان بكرێن و توركیاش كە لە بواری تەندروستیدا ڕیفۆرمی ئەنجام داوە و لە هەمان كاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پرۆسەیەكی ڕیفۆرمی لە بوارە جیاوازەكاندا بەدەستەوەیە، دەكرێت سوود لە پسپۆڕی و شارەزاییی توركیا لە ڕیفۆرمی تەندروستیدا وەربگرێت.
پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بواری پەروەردە و خوێندن و سوودوەرگرتن لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵای توركیا و چالاككردنەوەی ئەو لێژنەیەی پێشتر بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پێكهێنرابوو، هەروەها برەودان و بەردەوامیی بە هاوكاری لە بواری وزەدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




