چاودێرێکی سیاسی: ئەمساڵ پێوەندی نێوان ئانکارا و هەولێر زیاتر دەچێتە پێشەوە
__2017_01_08_h16m31s22__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی (ساڵح مەلاعومەر) پێوەست بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ هەرێم دەڵێ، ئەو سەردانە گرینگی زۆری هەیە و وەڵامێکی پراکتیکی بوو بۆ ئەو بۆچوونانەی هەبوون کە دەیانگوت نزیکبوونەوەی تورکیا لەگەڵ رووسیا و ئێراندا کاریگەری نەرێنی بۆ هەرێم دەبێ، بەڵام ئێستا دەرکەوت کە پێوەندی نێوان هەرێم و تورکیا لەمساڵدا زیاتر دەچێتە پێشەوە.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین (د.ساڵح مەلاعومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری هەیە چونکە تورکیا هەرێمی کوردستانی لە ئاست دەوڵەت قەبووڵە و ئەگەر بەو شێوەیە نەبووا ئەوا سەرۆکوەزیرانی تورکیا تەنیا سەردانی بەغدای دەکرد؛ سەردانەکەش پەیامێکە بۆ وڵاتانی جیهان کە هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخ و گرینگی پێدانە، تورکیاش ئامادەیی هەیە کە وەک دەوڵەت هەرێمی کوردستان قەبووڵ بکات و ئەو گۆڕانکاریانەی لەناوچەکەیشدا روودەدەن وەک پێوەندی نێوان تورکیا لەگەڵ سووریا و ئێران لەسەر حسێبی هەرێم نابێت.
گوتیشی، بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوون کە دەگوترا نزیکبوونەوەی تورکیا لەگەڵ رووسیا و ئێران کاریگەری نەرێنی دەبێ لەسەر پێوەندی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بە پراکتیکی دەبیندرێ کە ئێستا زیاتر دەرفەت هەیە کە پێوەندییەکانی تورکیا و هەرێم زیاتر بچێتە پێشەوە.
(ساڵح مەلاعومەر) ئاماژەی بە نەوتی هەرێم کرد کە جاران بەغدا ناڕازیی بوو کە نەوت لە رێگەی تورکیا هەناردە بکرێ، بەڵام لەگەڵ ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ بەغدا چاوەڕوانکراوە کە بەغدایش ئیدی نارازیی نەبێت و قەبووڵی بێ کە هەرێم ئازادانە نەوتی خۆی هەناردە بکات.
لە کۆتاییشدا دەڵێ، لەمساڵدا پێشوەچوونی نێوان ئانکارا و هەولێر زیاتر پەرەدەسێنێ لەچاو پار ساڵ و هەنگاوی باشتر بەڕێوەن.
بڵند ئیبراھیم




